رەزامەندی بۆ دامەزراندنی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان دەرچوو

05-09-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی باڵای خزمەتی گشتیی عێراق، رەزامەندیی لەسەر دامەزراندنی نزیکەی 30 هەزار کەس لە دەرچووانی زانکۆ، کۆلێژ و پەیمانگە پزیشکی و تەندروستی و پەرستارییەکان دەرکرد، ئەوانەی یاسای پلەبدەنیی پزیشکی دەیانگرێتەوە، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت "بەشێک لەوانە، دەرچووانی هەرێمی کوردستانن."
 
ئەنجوومەنی باڵای خزمەتی گشتیی فیدراڵی بە نووسراوی ژمارە 50/112/6130 کە رۆژی چوارشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2024 بە ناونیشانی "زۆر بەپەلە" رەوانەی وەزارەتی تەندروستیی عێراقی کردووە، رەزامەندنی لەسەر دامەزراندنی 29 هەزار و 882 کەس لە دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگە و بەشە پزیشکی و تەندروستی و پەرستارییەکان نیشاندا و، داوا لە وەزارەتەکە دەکات بۆ ئەو مەبەستە رێکارەکان بگرێتەبەر بۆ دامەزراندنی ئەو کەسانە بەپێی یاسای پلەبەندیی پزیشکیی خاوەن پیشە تەندروستی و پزیشکییەکان. 
 
ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بە چوار نووسراوی وەزارەتی دارایی لە 11ـی تەمموز و 13ـی ئابی 2024 داوە، کە پەیوەستە بە دامەزراندنی 29 هەزار و 882 کەس لەو دەرچووانە، لەگەڵ دوو نووسراوی دیکە لە 15 و 7ـی ئابی 2024، کە ناوی دەرچووانی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە. 
 
بەپێی نووسراوەکە ئەو کەسانەی دادەمەزرێندرێن ئەمانەن:
 
- پزیشکیی گشتی: 
دەرچووانی زانکۆکانی عێراق و دەرەوەی عێراق و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان 4221 کەس دەبێت.
 
- کۆلێژی تەکنیکی: 
دەرچووانی زانکۆکانی عێراق کە ژمارەیان 6095 دەرچوون.
دەرچووانی زانکۆکانی دەرەوەی عێراق کە ژمارەیان 21 کەس دەبێت.
 
- پەیمانگە تەکنیکییەکان:
دەرچووانی پەیمانگە پزیشکییەکان ژمارەیان 7417 کەس دەبێت.
دەرچووانی پەیمانگەکانی دەرەوەی عێراق کە ژمارەیان 119 کەس دەبێت.
 
- کۆلێژەکانی پەرستاری:
دەرچووانی زانکۆکانی عێراق کە ژمارەیان 3239 کەس دەبێت.
دەرچووانی زانکۆکانی دەرەوەی عێراق ژمارەیان 18 کەس دەبێت.
 
- پەیمانگەکانی پەرستاری:
دەرچووانی پەیمانگەکانی عێراق کە ژمارەیان 5606 کەس دەبێت.
دەرچووانی پەیمانگەکانی دەرەوەی عێراق کە یەک کەسە.
 
- ئامادەییەکانی پەرستاری:
-دەرچووانی ئامادەییەکانی پەرستاریی عێراق کە 43 کەسن
 
- دەرچووانی هەرێمی کوردستان:
ژمارەیان 1634 کەس دەبێت.
 
ئەنجوومەنەکە داوایکردووە وەزارەتەکە رێکارەکان بۆ رێگری لە دوو دامەزراندن بگرێتەبەر و هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 184ـی ساڵی 2022 بکات.
 
د. ماجد شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت "بەشێک لەو دەرچووانە دانیشتووی هەرێمی کوردستانن، بەپێی بڕیارەکە دادەمەزرێندرێن."
 
عەلی سەلیم کە دەرچووی کۆلێژی پەرستاریی زانکۆی سەڵاحەدینە، بە رووداوی گوت "وەزارەتى تەندروستى تەنیا ناوی ئەو 29 هەزار کەسەی بۆ وەزارەتى دارایی ناردووە بۆ ئەوەى دابمەزرێندرێن، لە کاتێکدا بەپێی یاسا و بەپێی رێکارەکان دەبێت سەرجەم دەرچووان دابمەزرێندرێن، بۆیە ئێمە لە خۆپێشاندان بەردەوام دەبین تاوەکو هەموومان دادەمەزرێندرێن."
 
ژمارەی دەرچووانی بەشە پزیشکی و تەندروستییەکان 61 هەزار کەسە، لەو ژمارەیە 57 هەزار و 464 دەرچووى بەشە پزیشکییەکان فۆرمیان پڕکردووەتەوە، بەڵام وەزارەتەکانی دارایی عێراق و تەندروستی رەزامەندییان لەسەر دامەزراندنی 29 هەزاریان داوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە