کرێکارانی بەنداوی مووسڵ مانیان گرتووە

05-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی مانگرتنی کرێکارانەوە، کارەکانی تێکردن لە بەنداوی مووسڵ راگیراوە و مەترسیی بۆ سەر بەنداوەکە هەیە، بەڵام جێگری بەڕێوەبەری بەنداوەکە رەتیدەکاتەوە کارەکان راگیرابن.
 
بەپێی چەند سەرچاوەیەک لە شاری مووسڵی سەر بە پارێزگای نەینەوا، کە یەکێکیان کرێکارێکی بەنداوی مووسڵە، دوێنێ پێنجشەممە بەشێکی زۆری کرێکارەکانی بەنداوەکە کارەکانیان راگرت و داوای خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان دەکەن.
 
یەکێک لەو کرێکارانە بە رووداوی گوت: "شەش مانگ دەبێت دەرماڵەی خواردن و مەترسییمان بۆ خەرج ناکرێت کە نزیکەی 250 هەزار دینارە، بۆیە ئێمەش کارەکانمان راگرتووە، هەرچەندە هەڕەشەی دەرکردن و دوورخستنەوەشمان کراوە، بەڵام ئێمە ئاوا کارناکەین، مافی خۆمان دەوێت."
 
ئەو کرێکارانەی لە بەنداوەکە کاردەکەن، بەشێکیان فەرمانبەری فەرمین و لە بەشی تێکردن دامەزراون، بەشێکیشیان بە گرێبەست دامەزراون، ئەرکیان کاری تێکردنە لە بەنداوی مووسڵ بۆ ئەوەی لە رووخان و کەوتن بپارێزرێت.
 
بەهۆی ئەوەی لەسەر خاکێکی فشۆڵ دروستکراوە، خاکی بەنداوی مووسڵ دادەتەپێت، بۆیە لەرێگەی هەڵکەندنی خوڵەکەیەوە بنچینە و ژێر بەنداوەکە بە چیمەنتۆ پڕدەکرێتەوە.
 
راگرتنی کارەکانی تێکردنی بەنداوی مووسڵ لەلایەن محەممەد خالید ئیبراهیم، جێگری بەڕێوەبەری بەنداوی مووسڵەوە رەتکرایەوە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: "کارەکانی هەڵکەندن و تێکردن درێژەی هەیە و بەردەوامە، ئەوەی لە تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا باسدەکرێت راست نییە، گوایە کارەکانی هەڵکەندن و تێکردن راوەستاوە، فەرمانبەرانی بەنداوی مووسڵ بەشێوەی رێکوپێک لە کارکردن بەردەوامن."
 
بەنداوی موسڵ گەورەترین بەنداوە لەسەر ئاستی عێراق و چوارەم گەورەترین بەنداوە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەنداوەکە لە ساڵی 1981 لەلایەن دوو كۆمپانیای بیانی دروستکراوە و توانای گلدانەوەی زیاتر لە 11 هەزار و 100 ملیۆن مەتر سێ جا ئاوی هەیە.
 
تێکردنی چیمەنتۆ بۆ پارێزگاریی لە بەنداوەکە لە ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکانەوە دەستیپێکردووە، پێشتر چەندین جار هۆشداریی لە رووخانی بەنداوەکە دراوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە