رووداو دیجیتاڵ
کاروانێکى دیکەى کەسوکارى چەکدارانى داعش کە 179 خێزانی عێراقین، لە کەمپى هۆلی رۆژئاواى کوردستان، گەڕێندرانەوە کامپى جەدعە لە موسڵ.
عەلى جیهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو خێزانانە بەرەبەیانیى ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتوونەتە ناو سنوورى عێراق و براونەتە کەمپى جەدعە لە شارى موسڵ."
زیاتر لە 22 هەزار هاووڵاتیى عێراق لە کامپى هۆل ماون، کە کەسوکارى چەکدارانى رێکخراوى داعشن، دواى وردبینى لە دۆسیەکانیان، دەگەڕێندرێنەوە کەمپى جەدعە بە مەبەستى شیاندنەوەیان.
عەلى جیهانگیر گوتی: "تێکڕاى ئەندامانى خێزانى ئەو کاروانەى گەڕێندراونەتەوە 634 کەسن، بەوەش ژمارەى ئەو کەسانەى ئێستا لە کامپى جەدعەن گەیشتووەتە سێ هەزار و 836 کەس."
لە دواى شیاندنەوەیان، ئەو خێزانانە دەگەڕێندرێنەوە زێدى پێشوو خۆیان، زۆربەشیان خەڵکى پارێزگاکانى نەینەوا، سەلاحەدین، ئەنبار و کەرکووکن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ