لە دادگەی فیدراڵی یەکەم تانە لە خشتەکانی بودجەی 2024 درا

05-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەدوای پەسندکردنی خشتەکانی بودجەی 2024 لە پەرلەمانی عێراق، یەک تانە لە دژی خشتەکە لە دادگەی فیدراڵی تۆمارکرا. ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێشێلکاریی زۆر لە خشتەکانی بودجەدا هەیە.

د. رائید مالیکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوو تانەم لەبارەی بودجەی عێراق و خشتەکانی ساڵی 2024 لە دادگەی فیدراڵی تۆمارکردووە، یەکەمیان پەیوەندیی بە خشتەکانی بودجەوە هەیە، ئەوەی دیکەشیان بەهۆی نەناردنی ژمێرەی کۆتایی بودجەی ساڵی 2023یە."
 
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و یاسا بەرکارەکان، نابێت پەرلەمانتار تانە لە بودجە بدات. ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "تانەم لە بڕیاری ژمارە 64ـی پەرلەمان بۆ ساڵی 2024 داوە، ئەو بڕیارەی تێیدا خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024ـی پەسەندکرد."
 
پەرلەمانتارەکە داوای لە دادگەی فیدراڵیی عێراق کردووە بەپێی مادەی 93ـی دەستووری عێراق تەماشای بڕیارەکەی پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی بودجە بکات و بە نادەستووریی بزانێت.
 
پاساویشی بۆ ئەوە، گوایە بڕیاری 64ـی پەسندکردنی خشتەکانی بودجە پێشێلکردنی مادەکانی 47، 61 و 62ـی دەستووری عێراق و یاساکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی و یاسای دیکەیە، بەوپێیە داوای لە دادگەی فیدراڵی کردووە بڕیاری 64 بە نادەستووری بزانێت و هەڵیبوەشێنێتەوە.

 

 
تانەی دووەمی پەرلەمانتارەکە پەیوەندیی بە ژمێرەی کۆتاییەوە هەیە کە پێویستە حکومەت لە وادەی خۆیدا بینێرێتە پەرلەمان. 
 
د. رائید مالیکی گوتی: "ئەمە بۆ مێژووە ئەو تانەیە، چونکە خشتەکانی بودجە زۆر ناتەواو و ناڕوون و پڕ کێشەن و لە داهاتوودا چەندین نامەی ماستەر و دکتۆرا و توێژینەوەی لەسەر دەکرێت، بەڵام 50٪ بۆ 60٪ ئەگەری هەیە دادگەی فیدراڵی تانەکە رەتبکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئومێد دەکەین بڕیاری ئەرێنی بدات و خشتەکان رەتبکاتەوە."
 
بڕیاری 64ـی پەرلەمانی عێراق کە رۆژی 3ـی ئەم مانگە دەریکرد، بڕیاری پەسندکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024ـی عێراقە.
 
بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024، تەنیا خشتەکانی نێردرایە پەرلەمان، بەو پێیە بودجەی سێ ساڵییە "2023، 224 و 2025."، قەبارەی خەرجییەکانی بودجە 211 تریلیۆن و 900 ملیار دینار و  داهاتەکانیش 147 تریلیۆن و 800 ملیار دینارە، کورتهێنان 64 تریلیۆن دینار دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە