رووداو دیجیتاڵ
ئەو کارمەندەى وەزارەتى ناوخۆى عێراق خانەنشین کرا، کە لەگەڵ کچێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەکەوێت و باسی لەوە دەکرد، بە واستە پلە بەزرکردنەوەى پێشخراوە. بڕیاری خانەنشینکردنەکەش لەلایەن لیژنەیەکى وەزارەتەکە دراوە.
لەو گرتە ڤیدیۆییەدا کارمەندەکەى پۆلیس لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا لەگەڵ کچێک دەردەکەوێت و ئاماژە بەوەدەکات بە واستە و بە پارە شەش مانگ پلە بەرزکردەوەى پێشخراوە. وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، "ئەو کارمەندەى پۆلیس هەڵسوکەوتى دژ بە ئاکارى وەزیفى نواندووە و لەگەڵ کارى پیشەگەرانەى وەزارەتى ناوخۆ ناگونجێت."
لە بەشێکى دیکەى گرتە ڤیدیۆییەکەدا ئەو کچەى یاوەرى کارمەندەکەى پۆلیس دەکات، بەو کارمەندە دەڵێت: "بە ویستى خوا پۆستى وەزارەتى ناوخۆ وەردەگریت".
بڕیارەکەى وەزارەتى ناوخۆ لەسەر بنەماى لیژنەى رێنماییەکانى ساڵى 2012 بووە کە تایبەتە بە خانەنشینکردنى ئەو کارمەندانەى پابەند نابن بە رێکارە پیشەگەرانەکانى وەزارەتى ناوخۆ و بڕیارداوە کە ئەو کارمەندە خانەنشین بکرێت.
وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەڵێت: "رێگە بە هیچ بێڕێزییەک نادەین لەلایەن هەر ئەفسەر و کارمەندێکەوە بکرێت کە بیەوێت مامەڵەیەکى نایاسایی بکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ