دادگەی کارگێڕیی عێراق بڕیار لەبارەی گۆڕانکارییەکانی نەینەوا دەدات

04-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە 13ـی ئەم مانگە دادگەی کارگێڕیی عێراق بڕیار لەبارەی گۆڕانکارییەکانی پارێزگای نەینەوا بدات.
 
غەزوان داودی، بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک لە پارێزگای نەینەوا ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارە رۆژی 13ـی ئابی 2024، ئەو سکاڵایانەی سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای نەینەوا دژی گۆڕانکارییەکان تۆماریان کردووە بڕیاریان لەبارەوە بدرێت، دوای ئەوەی لە دانیشتنی پێشتردا بڕیاردانی لەو بارەوە دواخست".
 
غەزوان داودی گوتیشی، "چاوەڕێین بڕیار لە بەرژەوەندیی ئێمە وەک سەرۆکانی پێشتری یەکە کارگێڕییەکان بدرێت، چونکە ئەو گۆڕانکارییانەی کران نایاسایی بوون". 
 
سەرۆکی ئەو یەکە کارگێڕییانە لە دادگای کارگێڕیی عێراق سکاڵایان لەسەر ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا تۆمارکردووە و گۆڕانکارییەکان بە "نایاسایی" ناودەبەن. بە گوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک، پارێزگاری نەینەواش لەسەر گۆڕانکارییەکان تێبینی هەیە.
 
رۆژی 2ـی تەممووز، ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گۆڕانکارى لە سەرۆکانی 17 یەکەى کارگێڕى کرد.
 
دوای رۆژێک لەو کۆبوونەوەیە، دەستەی باڵای هاوئاهەنگی نێوان پارێزگاکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە نووسراوێک وەڵامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای دایەوە و لە شێوەی سەرزەنشتکردندا گوتی، پێشتر پێیانگوترابوو کە "پەلە نەکەن" و ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، گۆڕینی سەرۆکانی یەکە کارگێڕییەکان بەپێی رێکاری یاسایی و دەستووری دەبێت.
 
رۆژی 23ـی تەمموزی 2024، ئەنجوومەنی دەوڵەت لە عێراق گۆڕانکاری لە سەرۆکەکانی یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای نەینەوا لەلایەن ئەنجوومەنەکەوە بە ئاسایی ناوبرد.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 کورسی پێکدێت و بۆ دوو هاوپەیمانی سەرەکی دابەش بووە؛ هاوپەیمانیی نەینەوای یەکگرتوو کە 13 کورسیی هەیە و پارتی دیموکراتی کوردستانیشی تێدایە، لەگەڵ هاوپەیمانیی نەینەوای داهاتوو کە هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و یەکێتی تێدایە و 16 کورسی هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە