بۆ ئەوانەی چاوەڕێی کۆلێژی سەربازین؛ بەرگریی عێراق کاتی چاوپێکەوتنی راگەیاند

04-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی بەرگریی عێراق وادەی چاوپێکەوتنی ئەو خوێندکارانەی بڵاوکردەوە کە ناویان بۆ وەرگرتن لە کۆلێژی سەربازی پێشکێشکردبوو و لە پشکنینەکان دەرچوون. وەزارەتەکە وادەکەی بەپێی پارێزگاکان دابەشکردووە کە لە 9 تاوەکو 22ـی ئەم مانگە سەردانی کۆلێژەکە بکەن.
 
ئەندامێکی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: "12٪یان کوردن".
 
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی تەمووز بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەو خوێندکارانەی کە پێشتر ناویان لە کۆلێژی سەربازیی زانکۆی بەرگری بۆ خوێندنە سەربازییەکان نووسیوە و سەرجەم پشکنینەکانی جەستەیی و پزیشکیان بەسەرکەوتوویی بڕیوە، لەنێوان رۆژانی 9 تاوەکو 22ـی تەمووز سەردانی کۆلێژەکە بکەن بۆ ئەوەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا بکرێت.
 
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەبێ 12٪ی وەرگیراوان کوردبن".
 
دەشڵێت: "ئەوانەی ئەو کۆلێژە تەواو دەکەن لە وەزارەتی بەرگری دادەمەزرێندرێن".
 
خولی وەرگرتن بۆ کۆلێژە سەربازییەکە ژمارە 114یە، ئەوانەی وەرگیراون زیاتر لە 200 کەسیان کوردن. وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیێندراوەکەیدا ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، ئەگەر ئەو رۆژەی بۆ چاوپێکەوتن دیاریکراوە پشووی فەرمی بوو، چاوپێکەوتنەکە بۆ رۆژی دواتر دوادەخرێت.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگری، رۆژی سێشەممە، 9ـی تەمووز بۆ خوێندکارانی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکووک، میسان، بەسرە و موسەننا دیاریکراوە و ژمارەی خوێندکارانیان 299 کەسە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە