رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق دەسەڵاتى گۆڕینى بەڕێوەبەرانى گشتیى تەندروستى و پەروەردە لە وەزارەتەکانیان وەردەگرێتەوە و دەیداتەوە ئەنجوومەنى پارێزگاکان.
بە گوێرەى نووسراوێکى ئەحمەد فەتلاوى، هاوئاهەنگیکارى گشتیى کاروبارى پارێزگاکان لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کە ئاراستەى پارێزگاکانى کردووە، رەزامەندى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراقی پێ راگەیاندوون بۆ ئەوەى رێکارەکانی گۆڕینی هەردوو پۆستى بەڕێوەبەرانى گشتیى تەندروستى و پەروەردەى پارێزگاکان بە گوێرەى یاساى ساڵی 2008ـی پارێزگاکان بێت.
یاسین داوودى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین رۆژی سێشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو نووسراوە بۆ هەموو پارێزگاکان نێردراوە. لە ساڵى 2018ـەوە ئەو دەسەڵاتە دراوەتە وەزارەتەکانى تەندروستى و پەروەردە، بەڵام لەمەودوا دەسەڵاتەکە لە دەستی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەبێت".
بە گوێرەى یاساى ئەنجوومەنى پارێزگانى عێراق، ئەو ئەنجوومەنانە دەسەڵاتیان هەیە بە دەنگى زۆرینەى رەهاى ئەندامانیان، خاوەن پلە باڵاکان لە پارێزگاکانیان دووربخەنەوە.
یاسین داوودى ئاماژەى بەوەدا کە ئەنجوومەنەکەى بەڕێوەبەرى گشتیى پەردەوەى سەڵاحەدینى لە پۆستەکەى دوورخستووەتەوە، بەڵام بەهۆى ئەوەى وەزارەتى پەروەردە رازی نەبوو، ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکرا؛ گوتیشى: "ئەو بڕیارە ئەو کێشەیە یەکلایی دەکاتەوە".
لە ساڵى 2018 ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق سڕکرا تاوەکو 18ـی کانوونى یەکەمى 2023 کە هەڵبژاردن کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ