رووداو دیجیتاڵ
نرخى ماسی لە عێراق بۆ نزیکەى سێ هێندەی پێشووى بەرزدەبێتەوە. بە گوتەى سەرۆکى کۆمەڵەیەکى تایبەت بەو بەرهەمە، ئەو گۆڕانکارییە بەهۆى تێکدانى حەوزە بێ مۆڵەتەکانەوەیە.
ئەیاد تاڵبی، سەرۆکى کۆمەڵەى بەخێوکارانى ماسی لە عێراق، رۆژی سێشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "نرخى یەک کیلۆ ماسی لە چوار هەزار و 500 دینارەوە بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە 11 هەزار دینار و ئەگەریش هەیە بگاتە 15 هەزار دینار".
بەهۆى کەمبوونەوەى ئاوى هەردوو رووبارى دیجلە و فورات و دەرکەوتنی کاریگەرییەکانی زیاتری دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا، وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق بڕیاردراوە سەرجەم ئەو حەوزە ماسیانە تێکبدات کە بە نایاسایی لەسەر رووبارەکان دروستکراون.
ئەیاد تائی دەڵێت: "تێکدانی ئەو حەوزانە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانى بەرزبوونەوەى نرخى ماسی، ئەوە جگە لەوەى بەهۆى کەمبوونەوەی ئاوەوە ژمارەیەکى زۆرى ماسی مردار دەبنەوە".
بە گوێرەى ئامارى ئەو کۆمەڵەیە، بەر لەتێکدانى حەوزە بێ مۆڵەتەکان، بەرهەمى ساڵانەى ماسی لە عێراق زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن دەبوو؛ ئێستا بەرهەمەکە بۆ نزیکەی 150 هەزار تۆن دابەزیوە.
ئەیاد تاڵبی دەڵێت: "بەهۆى گرانبوونى نرخى ماسیەوە تێکڕاى بەکارهێنانى ساڵانەى هەر تاکێکى عێراق لە نزیکەى شەش کیلۆگرامەوە بۆ دوو کیلۆگرام دابەزیوە؛ کەمیى ماسی وایکردووە لە تورکیا و ئێرانەوە ماسی هاوردە بکرێت".
بە گوێرەى ئامارى فەرمى کۆمەڵەى بەخێوکارانى ماسی، لە یەک ملیۆن تۆن ئەو ماسیەى بەر لە تێکدانی حەوزە بێ مۆڵەتەکان بەرهەم دەهێنرا، زیاتر لە 700 هەزار تۆنى لە حەوزە بێ مۆڵەتەکان بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ