چەکدارێکی داعش بە تاوانی 'کۆمەڵکوژکردنی کوردانى ئێزدى' سزاى لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا

04-06-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکى رێکخراوى داعش بە لەسێدارەدان سزادرا، ئەوەش بە تاوانی "کۆمەڵکوژکردن"ی کوردانى ئێزدى و بڵاوکردنەوەى دیمەنى گیانلەدەستدانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى سەر بەو رێکخراوە.

ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئەو بڕیارەى بڵاوکردەوە کە لەلایەن دادگەى تاوانەکانى کەرخ لە بەغدا دەرکراوە.

بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، کەسی سزادراو لەگەڵ گرووپێکى چەکدار، کە سەر بە رێکخراوى داعش بوون، ژمارەیەک لە هاونیشتمانیانی کوردى ئێزدییان کوشتووە و کردوونى بەژێر گڵەوە.

کەسی تاوانبار دیمەنى کوشتنى ئەو کوردە ئێزدیانەى تۆمار کردووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى سەر بە رێکخراوى داعش بڵاویکردوونەتەوە.

لە ئابی ساڵی 2014 رێکخراوى داعش هێرشی کردە سەر قەزاى شنگالى سنوورى پارێزگاى نەینەوا و کوردانی ئێزدی کۆمەڵکوژ کردن.

سزاى لەسێدارەدانى ئەو تاوانبارە لەسەر بنەماى چەند مادەیەکى یاسای بنبڕکردنى تیرۆر و یاساى ژنانى رزگاربووى ئێزدى بووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە