وەزارەتى ناوخۆى عێراق: هەندێک لە هێرشکارەکانى بەغدا کارمەندى دەزگا ئەمنییەکان بوون

04-06-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، ئەو کەسانەى لە سێ رۆژى کۆتایی مانگى ئایار هێرشیان کردووەتە سەر چەند خواردنگە و کۆمپانیایەکى ئەمریکى لە بەغدا، ناسراونەتەوە، "هەندێکیان دەستگیرکراون کە کارمەندى هێزە ئەمنیەکانی تێدا بووە."
 
وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریى لێکۆڵینەوەکانى بڵاوکردەوە لە بارەى ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر چەند خواردنگە و کۆمپانیایەکى ئەمریکى و بەریتانى لە بەغدا. 
 
هێرشەکان لە رۆژانى 26-27-30ى ئایار کرانە سەر دوو لقى خواردنگەى KFC و چیلی هاوسى ئەمریکى و کۆمپانیاى کەتەربیلەر و پەیمانگەى کامبریجى بەریتانى.
 
وەزارەتى ناوخۆ راگەیاند، ئەو هێرشانە بە بۆمبى دروستکراوى ناوخۆیی و لە رێگەى کەسانێکەوە کراون کە حەوت ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلیان پێبووە، ناسنامە و شوێنى نیشتەجێبوونیان زانراوە و بە بڕیارى دادوەر فەرمانى دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە.
 
 فەرمانى دەستگیرکردنى ئەو کەسانە بە گوێرەى مادەى 4ی یاسای بنەبڕکردنى تیرۆرە. سزاکەى لەنێوان بەندکردنى تاهەتایی و  لەسێدارەدانە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، بەشێک لە تۆمەتبارانى ئەو هێرشانە دەستگیرکران لەکاتى لێکۆڵینەوە دانیان بەوەدا ناوە لەگەڵ ژمارەیەک تۆمەتبارى دیکە کە هەڵاتوون، ئەو ھێرشانەیان کردووە. 
 
وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەڵێت، "بەداخەوە هەندێک لەو تۆمەتبارانە سەر بە هێزە ئەمنیەکان بوون و ئەو کارانەى کردوویانە بە پاساوى ئەوە بووە کە زیان بە بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا دەگەیێنن و ئەو کارمەندانە راگیراون و دەدرێنە دادگەى تایبەتمەند".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە