دادگەی فیدراڵی سێ یاسای راگرت؛ یەکێکیان گەڕاندنەوەی زەویوزارە لە ناوچە کوردستانییەکان

04-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقی بە بڕیارێکی وەلائی، جێبەجێکردنی یاساکانی باری کەسێتی، گەڕاندنەوەی زەویوزار و لێبووردنی گشتی راگرت.
 
ژمارەیەک پەرلەمانتار لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵایان تۆمارکردووە و پێیان وایە شێوازی تێپەڕاندنی هەرسێ پڕۆژەیاساکە پێکەوە نایاسایی بووە.
 
ئەو پەرلەمانتارانە داوای فەرمانی وەلائیان لە دادگەکە کردبوو تاوەکو دۆسیەکە لە دادگە یەکلایی دەبێتەوە.
 
یاساکان بریتین لە هەمواری یاسای باری کەسێتی ژمارە 188ـی ساڵی 1959، هەمواری دووەمی یاسای لێبووردنی گشتیی ژمارە 27ـی ساڵی 2016 و یاسای گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنەکانیان کە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە دەیانگرێتەوە.
 
هەرسێ پرۆژەکە لە دانیشتنی رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2025 لە پەرلەمانی عێراق بەیەک پاکێج پەسندکران. 
 
پەرلەمانتارەکانیش بریتین لە ئەمیر کامل مەعمووری، رائید حەمدان مالیکی، محەممەد جاسم خەفاجی، مستەفا خەلیل نوسەیف، زوهێر شەهید عەبدوڵڵا، باسم خزەیر غورابی، حەیدەر محەممەد کازم، تەقی ناسر ماجد، باسم خەزعەل خەشان و  یوسف بەعیر عەلوان کیلابی. 
 
باسم خەزعەل خەشان، یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی سکاڵای لە دادگای فیدراڵی تۆمارکردووە، ئەمڕۆ سێشەممە 04-02-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵی بە فەرمانی وەلائی جێبەجێکردنی هەرسێ یاساکەی راگرت.
 
بە گوتەی باسم خەشانم، "نابێت هەرسێ پرۆژە یاسا پێکەوە دەنگیان لەسەر بدرێت. کاری لەو جۆرە پێچەوانەی یاساو دەستوورە".
 
بەگوتەی باسم خەشان، لە دانیشتنی پەرلەماندا ترس هەبوو یەکێک لە پرۆژەیاساکان دەنگی پێویست نەهێنێت، بۆیە پێکەوە دەنگیان لەسەردرا، ئەوەش پێچەوانەی یاسا و دەستوورە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت هەر پڕۆژەیاسایەک بە جیا دەنگی لەسەر بدرێت.
 
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی جێبەجێکردنی هەرسێ یاساکە راگیراوە، نەوەک ئەوەی هەڵوەشابنەوە. 
 
باسم خەشان گوتی، راگرتنی یاساکان تاوەکو ئەو کاتەیە لە دادگە کەیسەکە بە رەتکردنەوەی سکاڵاکان یان هەڵوەشاندنەوەی شێوازی پەسندکردنی هەرسێ پرۆژەکە یەکلایی دەبێتەوە.  
 
د. بڕیار رەشید، ئەندامی لیژنەی ئابووریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەوبارەیەوە گوتی، "دادگای فیدراڵی لەسەر داوای چەند پەرلەمانتارێک (امری وەلائی) بۆ وەستانی جێبەجێ کردنی هەریەک لە یاسای باری کەسێتی، یاسای لێبوردنی گشتی و یاسای گەرانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان (مجلس قيادة الثورة المنحل) دەرکردووە، بەڵام ئەمە تەنها راگرتنی جێبەجێکردنە نەک رەتکردنەوەی ئەو یاسایانە."
 
 بەگوتەی بڕیاری رەشید، "ئەم بڕیارە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دۆخی عێراق و کارەکانی حکومەت و  پەرلەمان دەبێت و ڕەنگە لە داهاتوو هەوڵ بدرێت بۆ ئەنجامدانی جەلسەی پەرلەمانی بەڵام پێدەچێت بەشێکی زۆری لایەنەکان بایکۆت بکەن بەتایبەت سونەکان."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەیەکی پێشووی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە

ئەحمەد عیساوی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەممار حەکیم، ئەمڕۆ شەممە، 08-02-2025، لە کاتی بەشداریکردنی لە (رۆژی هیوا جەمال)دا رایگەیاند، کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنی یاسای لێبووردنی گشتی.