باڵیۆزی ژاپۆن: لە شەش مانگی ئەم ساڵدا تەنیا 500 کەس لە عێراقەوە چوونەتە ژاپۆن

03-09-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق دەڵێت، لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا کەمتر لە 500 هاونیشتمانی و هاووڵاتی عێراقی سەردانی ژاپۆنیان کردووە کە تەنیا رێژەی 0.002٪ـی گەشتیارانی بیانی بۆ ئەو وڵاتە پێکدەهێنن. 
 
فوتوشی ماتسوموتو، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی پێدانی ڤیزە بۆ سەردانیکردنی وڵاتەکەی بە هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی عێراق رایگەیاند: "بۆچی عێراقیی زیاتر سەردانی ژاپۆن ناکەن؟ ژمارەی گەشتیارانی بیانی بۆ ژاپۆن لە کانوونی دووەم تاوەکو حوزەیرانی ئەم ساڵ گەیشتووەتە 17 ملیۆن و 780 هەزار کەس."
 
دەشڵێت: "ئومێد دەکەین تاوەکو کۆتایی ساڵ ژمارەکە بگاتە 35 ملیۆن گەشتیار، بەڵام ژمارەی ئەو عێراقییانەی ئەم ساڵ سەردانی ژاپۆنیان کردووە کەمترە لە 500 کەس، ئەوە لە کاتێکدایە ژمارەیەکی زۆر کەس لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە سەردانی ژاپۆنیان کردووە".
 
سەبارەت بە هۆکارەکانی کەمیی سەردانیکردنی ژاپۆن لەلایەن هاونیشتمانییان و هاووڵاتیانی عێراقەوە، باڵیۆزی ژاپۆن دەڵێت، "دوو هۆکار هەن. یەکەم، عێراقییەکان زیاتر بایەخ بە سەردانکردنی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژئاوا دەدەن. دووەمیش ئەوەیە زۆر کەس تێگەیشتنێکی خراپیان لەبارەی رێکارەکانی وەرگرتنی ڤیزەی ژاپۆن هەیە".
 
فوتوشی ماتسوموتو دەنووسێت، "پرسیای لەناکاوی زۆرمان بۆ دێت و زۆرێک لە دۆستانی عێراقیمان پرسیارمان لێدەکەن کە ئایا ڤیزەی ژاپۆن زۆر گران نییە یان وەرگرتنی زەحمەت نییە؟ وەڵامدانەوەی هەردوو پرسیارەکە زۆر ئاسانە و دەڵێین، نەخێر بەهیچ شێوەیەک. تەماشای وردەکارییەکانی رێکارەکانی وەرگرتنی ڤیزە بۆ هەموو عێراقییەکان بکەن." 
 
بۆ ئەوانەی دەیانەوێت ڤیزە وەربگرن، دەتوانن لێرەوە داواکاری پێشکێش بکەن. 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە