لە هەر کۆبوونەوەیەکی مانگی رابردووی پەرلەمانی عێراقدا تێکڕا 151 پەرلەمانتار ئامادەنەبوون

03-09-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مانگی رابردوو پەرلەمانی عێراق تەنیا پێنج کۆبوونەوەی هەبووە و تێکڕای ئامادەبوونیش لە هەر کام لەو کۆبوونەوانەدا 178 پەرلەمانتار بووە، واتە لە هەر کۆبوونەوەیەکەدا 151 پەرلەمانتار ئامادە نەبوون.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ کۆبوونەوەکانی مانگی رابردووی پەرلەمانی عێراق و بەپشتبەستن بە راپۆرتی مانگی ئابی (روانگەی پەرلەمانیی عێراق) کە چاودێریی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق دەکات، لەو مانگەدا پەرلەمان تەنیا 5 کۆبوونەوەی کردووە؛ بڕگەکانی کارنامەکانی پەرلەمان لەو مانگەدا 35 بڕگە بوون.
 
لە مانگی ئابدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ 15 پڕۆژەیاسا و خوێندنەوەی دووەم بۆ 8 پڕۆژەیاسا کراوە، 4 پڕۆژەیاساش پەسندکراون. لە هەر کۆبوونەوەیەکدا تێكڕا 177.8 پەرلەمانتار ئامادە بوون، 151.2 پەرلەمانتاریش نەچوونەتە کۆبوونەوە. 
 
پەرلەمانی عێراق 329 ئەندامی هەیە، بەڵام لەو پێنج کۆبوونەوەی مانگی ئابدا زۆرترین کۆبوونەوە لەرووی ئامادەبوونی پەرلەمانتارانەوە کۆبوونەوەی رۆژی 6ـی ئاب بوو، کە 194 پەرلەمانتار ئامادەی بوون، واتە 135 پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون.
 
کۆبوونەوەکانی مانگی رابردووی پەرلەمانی عێراق لە مانگی رابردوودا بەم جۆرە بووە:
 
-3ـی ئابی 2024؛ ژمارەی پەرلەمانتاری ئامادەبوو 176؛ ئامادەنەبوو 153 پەرلەمانتار.
-4ـی ئابی 2024؛ ژمارەی پەرلەمانتاری ئامادەبوو 177؛ ئامادەنەبوو 152 پەرلەمانتار.
-6ـی ئابی 2024؛ ژمارەی پەرلەمانتاری ئامادەبوو 194؛ ئامادەنەبوو 135 پەرلەمانتار.
-7ـی ئابی 2024؛ ژمارەی پەرلەمانتاری ئامادەبوو 172؛ ئامادەنەبوو 157 پەرلەمانتار.
-31ـی ئابی 2024؛ ژمارەی پەرلەمانتاری ئامادەبوو 170؛ ئامادەنەبوو 159 پەرلەمانتار.
 
محەممەد عەنوز، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەو بارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نەبوونی سزایەکی تووند و هەستنەکردنی تەواو بە بەرپرسیارێتی، هۆکاری سەرەکیی ئامادەنەبوونە لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان. دەبێت جگە لە سزاکانی پەرلەمان، فراکسیۆن و لایەنە سیاسییەکانیش سزایان بۆ ئەو ئەندامانەیان هەبێت کە نایەنە کۆبوونەوەکان. بەداخەوە، تەنیا ئەو کۆبوونەوانەی زۆرترین مشتومڕیان تێدایە، ئامادەبوونی پەرلەمانتارانیان تێدا زۆرە."
 
بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی عێراق، ئەگەر ئەندامێکى پەرلەمان بۆ پێنج کۆبوونەوەى لەسەریەک یان 10 کۆبوونەوەى جیا لە یەک ساڵدا ئامادە نەبوو، ئەو کاتە لەلایەن سەرۆکایەتیى پەرلەمانەوە بە نووسراو ئاگادار دەکرێتەوە. ئەگەر دوای ئەوەش پابەند نەبوو، بابەتەکە دەدرێتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ بڕیاردان لە بارەیەوە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە