عێراق
لەدواى 37 ساڵ بڕیارە لە مانگى تشرینى دووەمى داهاتوو سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان بکرێت. وێنە: ماڵپەڕی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
لە ناوەڕاستى مانگى تەممووزى داهاتووەوە پرۆسەى گەمارۆسازى و ژمارەلێدانى باڵەخانەکان لە عێراق دەستپێدەکات، کە لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووانە و دوو مانگ دەخایێنێت.
عەبدولزەهرە هینداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە 15ى تەممووزەوە گەمارۆسازی و ژمارە لێدانى باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان دەستپێدەکات و تاوەکو 15ى ئەیلوول بەردەوام دەبێت.
لەو پرۆسەیەدا تیمەکانى سەرژمێرى دابەش دەکرێن بەسەر چەند بلۆکێکدا بۆ گەمارۆسازی و ژمارەلێدان، هەر بلۆکێک بینا و باڵەخانەکانى سنوورەکەى دەگاتە 120 شوێن.
عەبدولزەهرە هنداوى گوتى، "ئەو پرۆسەیە خانووى نیشتەجێبوون و باڵەخانەى دیکە دەگرێتەوە، کە تۆمار دەکرێن."
لەدواى 37 ساڵ بڕیارە لە مانگى تشرینى دووەمى داهاتوو سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان بکرێت.
گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق رایگەیاند، بەهۆى ئەو سەرژمێرییەوە رۆژانى 20 و 21ى تشرینى دووەم لە سەرانسەرى عێراق دەکرێتە پشووى فەرمى.
31ى ئایار سەرژمێریى ئەزموونى لە عێراق و هەرێمى کوردستان لە چەند گوند و شارۆچکەیەک دەستیپێکرد، ئەمەش وەکو ئامادەکارییەک بۆ سەرژمێریی گشتی کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ