رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق بۆ دەنگدان لەسەر خشتەى بودجەى 2024، چاوەڕێى ئامادەبوونى ژمارەى یاسایی پەرلەمانتارانە کە بەگوتەى ئەندامێکى لیژنەى دارایی "ئەگەر ئەوە بێتەدى دەنگ لەسەر خشتەکە دەدرێت."
پەرلەمانى عێراق کاژێر 3:00ـی پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆى بۆ کۆبوونەوە دیاریکردووە، لە دواى ئەوەى لیژنەى دارایی راپۆرتى خۆى لەبارەیەوە دەخاتەڕوو.
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەگەر رێژەى یاسایی ئامادەبوونى پەرلەمانتاران تەواو بێت، دەنگ بە خشتەى بودجە دەدرێت.
بەیانى رۆژی دووشەممە 3ـی حوزەیران، لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق دەنگى بە خشتەى بودجەى 2024 دا و دەسەڵات دراوە بە سەرۆکوەزیران دوو تریلیۆن دینارى بودجەکە بگوێزێتەوە سەر پارێزگاکان.
موسنا ئەمین، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: پەرلەمان لەسەر خشتەى بودجە بووە بەدوو بەشەوە و کۆبوونەوەى پەرلەمانیش پەیوەندارە بەو دابەشبوونەوە. "بەشێکیان لەگەڵ ئەوەن بودجە بەشێوەى ئێستاى تێپەڕێت و بەشێکى دیکەیان دەیانەوێت لە بەرژەوەندى پارێزگاکان بگۆڕدرێت."
کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق پێویستى بە ئامادەبوونى 166 ئەندامە، بۆ دەنگدانیش بە خشتەکە پێویستى بە دەنگى نیوە کۆیەکى ئەندامانى ئامادەبووە. دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەگەر پەرلەمانتارانى کورد و شیعە ئامادەبن، رێژەى یاسایی تەواو دەبێت".
ئەوە یەکەمجارە لە برى یاساى بودجە، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق خشتەى خەرجى رەوانەى پەرلەمان بکات. دارا سێکانیانى گوتى: "ئەگەر خشتەى بودجە لە پەرلەمان دەنگ نەهێنێت و پەسەند نەکرێت، دەگەڕێندرێتەوە بۆ حکومەت."
بودجەى عێراق بۆ ساڵی 2024 زیاتر لە 211 تریلیۆن دینارە کە نزیکەى 12 تریلیۆن دینارى بەراورد بە ساڵى 2023 زیاتر بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ