رووداو دیجیتاڵ
سوپاسالاى عێراق رایگەیاند، لیژنەى دووقۆڵییان لەگەڵ ئەمریکا سەردانى واشنتن دەکەن بۆ دەستپێکردنى پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەردوو وڵات. بەر لەو سەردانەش لیژنەکە کار لەسەر کەمکردنەوەى ژمارەى سەرباز و داخستنى هەندێک لە سەربازگەکانی هاوپەیمانان دەکات.
عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالارى عێراق راگەیاند: لە مانگى ئایارى رابردوو لیژنەى باڵاى عێراق و ئەمریکا لە بارەى داهاتووی ئەرکى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق، دوو کۆبوونەوەى کردووە. ئێستا لیژنەکە کار لەسەر دیاریکردنى کاتێک دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکى هاوپەیمانیێتییەکە.
عەبدولئەمیر یارەڵڵا کە هاوکات سەرۆکى لیژنەى باڵاى کۆتاییهێنانە بە ئەرکى هاوپەیمانان لە عێراق، گوتى "هەندێک ئاڵنگاری هەن کە دیاریکردنى کاتەکە یەکلادەکەنەوە."
27ـی كانوونى دووەمى 2024، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران دەستپێکردنى دانوستاندنی دووقۆڵیى لەنێوان عێراق و ئەمریکا راگەیاند لەپێناو کۆتاییهێنان بە ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش.
سوپاسالار بە میدیاى فەرمیی عێراقى راگەیاندووە، لیژنە دووقۆڵییەکەی نێوانیان سەردانى واشنتن دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان بەردەوام بن پێش کشانەوە.
ئەو بەرپرسە سەربازییەى عێراق دەڵێت "بەر لەو سەردانە، لیژنەکە کار لەسەر قۆناخە کردارییەکان دەکات لە رووى کەمکردنەوەى ژمارەى سەربازان و، داخستنى هەندێک لە سەربازگەکان کە لەنێو سەربازگەکانى سوپاى عێراقدان."
دوو لیژنە لەنێوان عێراق و ئەمریکا کار لەسەر ئەو پرسە دەکەن، یەکێکیان تایبەتە بە پرسی کۆتاییهێنان بە ئەرکى هاوپەیمانان، ئەوى دیکەیان بۆ رێکخستنى پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکایە بەگوێرەى رێککەوتنى ستراتیژیى نێوانیان کە ساڵى 2008 واژۆ کراوە.
عەبدولئەمیر یارەڵڵا گوتى "ناچینە واشنتن تاوەکو کۆتایی بە ئەرکى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى نەهێنین، بۆ ئەوەی لە واشنتن وێنەکە بۆ بەستنى پەیوەندیی دوو قۆڵى روون بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ