دانیمارک کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم هێزەکانی لە عێراق دەکشێنێتەوە

03-05-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی دانیمارک دەڵێت، وڵاتەکەی بە نیازە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە، بەشێک لەو هێزەی لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق جێگری کردوون، بکشێنێتەوە و رەوانەی ناوچەی بالکانیان بکات، ئەمەش وەک بەشێک لە بەهێزکردنی پێگەی سەربازیی وڵاتەکەی لەو ناوچەیە لە دوای جەنگی ئۆکراینا.
 
رۆژی 3ـی ئایاری 2023، ترۆلیس لاند پۆلسن، وەزیری بەرگریی دانیمارک رایگەیاند، لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتووەوە، وڵاتەکەی یەکەیەک لەو 105 سەربازەی لە عێراق جێگیریان کردوون و مەشق و راهێنان بە هێزەکانی عێراق دەکەن، دەکشێنێتەوە و رەوانەی ناوچەی بالکانیان دەکەن ئەوەش وەک هێزێکی تایبەتی ناتۆ کار دەکەن. 
 
بەڵام بە گوتەی وەزیری بەرگری؛ بەشێک لە هێزەکانیان لە عێراق دەهێڵنەوە، کە ئەرکیان راوێژکاری دەبێت لەگەڵ ‌‌هێزەکانی عێراق، لە کۆتایی ئەمساڵیشدا سەرجەم هێزەکانیان عێراق جێدەهێڵێن و لە ناوچەی باڵکان جێگیر دەبن.
 
وەزیری بەرگریی دانیمارک رایگەیاند: "ئێمە دەبێت خۆمان بۆ مانەوەیەکی درێژمەودا لە ناوچەی بالکان ئامادە بکەین و دەبێ هاوسەنگییەکیش هەبێت لەنێوان بوونی ژمارەیەک سەربازمان لە ناوچەکە و هەروەها رەوانەکردنی ژمارەیەکیشیان لە دانیمارکەوە". 
 
سەربازانی دانیمارک بەشێک بوون لەو هاوپەیمانییەی ئەمریکا لە ساڵی 2003 بۆ رووخاندنی رژێمەکەی سەدام حوسێن پێکیهێنا. ئەوان بەشدارییان لە شەڕی رزگارکردنی عێراقدا کرد و چوار ساڵ لەو وڵاتە مانەوە، لەو ماوەیەشدا حەوت سەربازیان کوژران.
 
لەدوای سەرهەڵدانی داعش، لە ساڵی 2014دا هێزەکانی دانیمارک جارێکی دیکە بە 300 سەربازەوە گەڕانەوە عێراق، هێزەکە کە لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەدن لە پارێزگای ئەنبار، تائێستا مەشقیان بە 1600 سەربازی عێراقی کردووە.
 
یەکە تایبەتەکەی سوپای دانیمارک، کە بەنیازە رەوانەی ناوچەی بالکان بکرێت لە 700 بۆ 1200 سەرباز پێکدێت و زۆربەشیان لە لاتڤیا جێگیر دەکرێن. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە