رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق میوانداریی وەزیرى بەرگری و بەرپرسانى دیکەى سەربازى دەکات بۆ تاوتوێکردنى رێوشوێنەکانى پاراستنى سنوور و رێگرى لە کاریگەریى دۆخى سووریا لەسەر عێراق.
کۆبوونەوەکە کاژێر 01:00ـی پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ (دووشەممە، 2ـی کانوونى دووەمى 2024) دەکرێت. سابت عەباسى، وەزیرى بەرگرى و هەریەک لە سوپاسالار، فەرماندەى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و فەرماندەى پاسەوانى سنوور ئامادەی دەبن.
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "کۆبوونەوەکە بۆ ئەوەیە بزانن تاوەکو ئێستا چى کراوە بۆ پاراستنى سنوور؟ ئامادەکارییەکان چین بۆ رێگرى لە کاریگەریى دۆخى سووریا لەسەر عێراق؟ ئەگەر هەوڵى بەزاندنى سنوور درا چى دەکرێت؟"
لە 27ـی تشرینى دووەمى 2024ـەوە، دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی هاوپەیمانی کە دژی حکومەتی بەشار ئەسەدی سەرۆککۆماری سووریان، دەستیان بە هێرش بۆ سەر رۆژئاوای حەلەب کرد و ناوەندی شارەکەیان کۆنترۆڵکرد.
سەگڤان سندى گوتى لە کۆبوونەوەکەدا ئەندامانى لیژنەکە پرسیار لەو بەرپرسانە دەکەن بۆ ئەوەى روونکردەوە بدەن لەسەر ئامادەکارییەکان.
سنوورى نێوان عێراق و سووریا زیاتر لە 650 کیلۆمەترە، بەگوتەى بەرپرسانى سەربازى ئەو سنوورەیان لەرێگەى بەربەستى کۆنکرێتى، کامێراى گەرمبین و درۆنى چاودێرییەوە کۆنترۆڵ کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ