یونیسێف: گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشە لە داهاتووی منداڵ و گەنجانی عێراق دەکات

02-11-2021
لهۆن نەسرەدین
نیشانەکردن گۆڕانی کەشوهەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئاژانسی یونیسێف سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات رێکاری بەپەلە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بگرێتەبەر.
 
ئاژانسی یونیسێف، کە تایبەتە بە کاروباری منداڵان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات هەنگاوی پێویست لە ئاست گۆڕانی کەشوهەوادا بنێت تاوەکو داهاتووی منداڵانی ئەو وڵاتە بپارێزێت. یونیسێف لە توویتەر نووسیویەتی: "داوای گرتنەبەری رێکاری بەپەلە دەکەین تاوەکو کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق چارەسەر بکرێت".
 
یونیسێف هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی 26مین کۆنفڕانسی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی کەشوهەوا لە گلاسکۆی سکۆتلاند، راگەیێندراوێكی تایبەت بە بارودۆخی منداڵانی عێراق بڵاوکردووەتەوە و تێیدا رایگەیاندووە، منداڵان و گەنجان لە عێراق زۆرترین توێژی ئەو وڵاتەن، کە بەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کەوتوون بەتایبەتی هەڕەشەکانی کەمیی ئاو، کە هەڕەشە لە تەندروستی، پەروەردە و توانا بەرگرییەکانی جەستەیان دەکات، کە دواجار رێگە خۆشدەکات بۆ تووشبوونیان بە نەخۆشییە کوشندەکان.
 
یونیسێف  داوای گرتنەبەری رێکاری بەپەلە دەکات بۆ چارەسەرکردنی کەمی ئاو و کاریگەرییەکانی لەسەر منداڵ و گەنجانی عێراق.
 
یونیسێف دەڵێت بەگوێرەی راپۆرتی مانگی ئابی ئەمساڵیان عێراق لەچوارچێوەی سەرچاوەکانی ئاودا دەکەوێتە ریزی 42مین وڵاتانی جیهان، کە لە خراپترین بارودۆخدایە و بەگوێرەی پێشبینییەکانیش لەنێوان ساڵانی 2030 تاوەکو 2040، قەیرانی ئاو لە عێراق زۆرترین و خراپترین کاریگەری لەسەر منداڵان دەبێت.
 
یونیسێف لە دەقی راگەیێندراوەکەیدا داوای گرتنەبەری رێکاری پێویست و بەپەلەی بۆ هەموو تاکێكی کوڕ و کچی عێراق کرد تاوەکو دەرفەتی داهاتوویەکی باشتریان هەبێت، دوور لە هەر رێگری و بەربەستێك کە گۆڕانی کەشوهەوا دروستی دەکات.
 
یونیسێف پێیوایە بەشداریکردنی شاندی عێراق لە 26مین کۆنفڕانسی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی کەشوهەوا لە گلاسکۆ بۆ ئەوان هەنگاوێکی هاندەرانەیە و پشتگیری لە سەرجەم ئەو هەنگاو و رێکارانە دەکات، کە لە کۆنفڕانسەکە دەگیرێنەبەر تاوەکو لە رێگەیانەوە رووبەڕووی هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ببینەوە، کە بەرۆکی عێراقیان گرتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە