دوای 20 ساڵ کەناڵە عێراقییەکەی ئەمریکا دادەخرێت

02-09-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای نزیکەی 20 ساڵ، ئەمڕۆ کەناڵی "ئەلحوڕە عێراق"، یەکێک لەو کەناڵانەی لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە دامەزرا، راگیرا و دوای راوەستانی کارەکانی تێکەڵ بە کەناڵی حوڕە کرا. کارمەندانیشی نێردرانە ماڵەوە کە نزیکەی 160 کەسن.
 
کۆمپانیای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست راگەیێندراوێکی بەناوی جێفری گودمن، سەرۆکی جێبەجێکاری بەوەکالەتی تۆڕەکە بڵاوکردەوە: "رۆژێکی ناخۆشە ئەمڕۆ ماڵئاوایی لە 160 هاوکارمان دەکەین و ژمارەی فەرمانبەرانمان بەڕێژەی 21٪ کەمدەکەینەوە، پڕۆسەکە لەچوارچێوەی چاکسازی و داڕشتنەوەی پەیکەرە کە لە هاوینی ئەم ساڵەوە دەستمانپێکرد و چوار گەورە بەرپرسی جێبەجێکار و زیاتر لە شەش بەڕێوەبەری ئاست مامناوەندمان ناردەوە بۆ ماڵەوە، مانگی رابردووش گوتمان سەرەتای ئەم مانگە کۆتایی بە خزمەتگوزارییەکانی کۆمەڵێکی زۆر کارمەند دەهێندرێت." 
 
کۆمپانیای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ پەخش ناسراو بە MBN، سەرپەرشتیی کارەکانی حوڕەی نێودەوڵەتی، ئەلحوڕە عێراق، رادیۆ سەوا، ئیرفەع سەوتەک، ئەلساحە و ژمارەیەک دامەزراوەی دیکەی میدیایی دەکات.
 
ئەو بەرپرسەی تۆڕەکە دەڵێت: لە چەند هەفتەی رابردوو ئەو دۆخەی هاتووەتە پێشەوە وایکردووە بودجەکەیان کە لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە پەسەندکراوە بەبڕی نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار کەمبکرێتەوە. مووچە و پارەی فەرمانبەران 70٪ـی خەرجییەکانی دامەزراوەکە پێکدەهێنێت.
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە لەگەڵ ئەوەی لە چەند شوێنێکدا پۆزش و داوای لێبووردن بۆ بڕیارەکە دەهێنێتەوە، دەڵێت: خەرجییەکی زۆریان کەمکردووەتەوە. سەرباری ئەوەش دەڵێت: بڕیاردرا بە تێکەڵکردنەوەی کەناڵەکانی حوڕەی نێودەوڵەتی و ئەلحوڕە عێراق.
 
بڕیاری راگرتن و داخستنی کەناڵەکەی ئەمریکا بۆ عێراق، لەکاتێکدایە لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا کەناڵەکە بەتایبەت لەدوای رووخانی بەعس لە ساڵی 2003، رۆڵی گەورەی گێڕا بۆ تیشکخستنە سەر هەواڵ و رووداوەکانی عێراق و دەرخستن و نیشاندانی کولتوور و سیاسەتی عێراق.
 
بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کەناڵی حوڕە عێراق، کەناڵەکە لە هەرێمی کوردستان و عێراق نزیکەی 50 کارمەندی هەبووە، بەشێک لە نووسینگەکانیشیان لە هەرێمی کوردستان بووە لەنێویاندا لە هەولێر، دوای ئەوەی لەدوای خۆپێشاندانەکانی تشرینی ساڵی 2019ەوە کەناڵەکە هێرشی کرایە سەر، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق بۆ ماوەیەک کارەکانی راگرت.
 
رۆژی دووشەممە، 2ـی ئەیلوول، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیای سەرپەرشتیارەوە ئیمەیڵ بۆ کارمەندان رۆیشتووە و لە بڕیارەکە ئاگادارکراونەتەوە. هەر ئەو رۆژە دەوام لە ئۆفیسەکانی کەناڵەکەوە لە هەرێمی کوردستان نەماوە و کارکردنی راوەستاوە.
 
سەرچاوەیەکی کەناڵە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "بەنیازن کەرەستە و کەلوپەلەکانی کەناڵەکە بنێرنەوە بۆ بارەگای سەرەکیی کەناڵەکە لە ئەمریکا و بۆ کۆمپانیای سەرپەرشتیار."
 
ئەلحوڕە عێراق، یەکێکە لە کەناڵە عەرەبییەکان و لە ئەیلوولی ساڵی 2004ەوە دەستی بە پەخشکردووە. بەشێکی زۆری کارمەندانی کورد و عێراقی بوون.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە