ئەم ساڵ زیاتر لە 3700 کەس لە گرتووخانەکانی عێراق ئازاد کراون

02-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، 3781 کەس لە گرتووخانەکانی عێراق ئازاد کراون، بەشێکیان دوای تەواوکردنی ماوەی زیندانییان و بەشێکیان دوای پێداچوونەوە بە سزاکانیان ئازاد کراون. جێگری سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، "لە عێراق نزیکەی 65 هەزار کەس لە گرتووخانەکاندان."
 
وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، مانگی رابردوو 562 بەندکراو دوای پێداچوونەوە بە سزاکانیان یان تەواوکردنی ماوەی زیندانییان ئازادکراون، بەوەش ژمارەی ئەوانەی لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا ئازاد کراون گەیشتووەتە 3781 کەس.
 
بەپێی وەزارەتی دادی عێراق، بە شێوەیەکی ورد بەدواداچوون بۆ میکانیزمەکانی ئازادکردنی ئەو گرتووانە دەکات کە ماوەکانی یاسایی خۆیان تەواو کردووە، کاریش دەکات بۆئەوەی بە زووترین کات و بێ دواکەوتن لە گرتووخانەکان دەربکرێن.
 
ژمارەی ئازادکراوان بەپێی مانگەکان:
 
- کانوونی دووەم: 653 کەس
- شوبات: 613 کەس
- ئادار: 579 کەس
- نیسان: 649 کەس
- ئایار: 725 کەس
- حوزەیران: 562 کەس
 
حازم ردێنی، جێگری سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە عێراق لەنێوان 60 بۆ 65 هەزار کەس لە زیندانەکاندا هەن، بەشێک لە گرتووخانەکانیش دۆخەکانی پێویستی مانەوەیان تێدا نییە."
 
حازم ردێنی گوتیشی، "پێویستە وەزارەتی داد خێراتر بێت و ژمارەی زیاتری ئەو زیندانییانە ئازاد بکات کە ماوەی مانەوەیان لە گرتووخانەکان تەواو کردووە."
 
رۆژی 30ی مانگی رابردوو خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، بەهۆی زۆریی زیندانییانەوە توانای گرتووخانەکان بۆ 300% زیادیکردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، بەرنامەیان بۆ باشکردنی ئەو دۆخە هەیە، ئەویش لە رێگەی نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی گرتووخانەکانی عەمارە، ناسریە، نەجەف و فەرمانگەی چاکسازیی نەجەفەوە، کە ئەمساڵ رێژەکە 200% کەم دەکەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە