لە یەک مانگدا دادگە بڕیارى لە دژى 33 پلە باڵاى عێراق دەرکردووە

02-07-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، لە مانگى ئایارى رابردوودا فەرمانى دەستگیرکردن و بانگکردن بۆ بەردەم دادگە، لە دژى 33 خاوەن پلە باڵاى عێراق دەرکراوە، کە یەکێکیان وەزیرێکى ئێستاى حکومەت بووە.
 
بەگوێرەى ئامارێک، کە دەستەکە ئەمڕۆ سێشەممە 2ى تەممووزی 2024 بڵاویکردووەتەوە، لە 1ی ئایار بۆ 31ى ئایارى رابردوو لەسەر دۆسیەکانى دەستپاکى، دادگە 35 فەرمانى دەستگیرکردن یان بانگکردنی بۆ دادگە لە دژى بەرپرسانى پلە باڵا دەرکردووە، سێ لەو فەرمانانە دەستگیرکردن بووە، 32یان فەرمانى بانگکردن بووە بۆ بەردەم دادگە.
 
لەو 33 بەرپرسە باڵایەى عێراق کە لەو مانگەدا لەلایەن دادگەوە رێوشوێن دژیان گیراوەتەبەر، وەزیرێکى ئێستاى حکومەت و دوو وەزیرى حکومەتى پێشوو لەگەڵ وەزیرێک و بریکارى پێشووتری وەزارەت بووە.
 
بڕیارەکانى دادگە ئەندامێکى پێشووى پەرلەمان و 11 بەڕێوەبەرى گشتیى ئێستا و 14 بەڕێوەبەرى گشتیى پێشووى گرتووەتەوە، لەگەڵ دوو پارێزگارى پێشوو.
 
بەراورد بە مانگى نیسان، بڕیارەکانى دادگە لە بارەى دۆسیەکانى گەندەڵى دژی خاوەن پلە باڵاکان زیادی کردووە. لە مانگی نیساندا 27 بڕیارى بانگکردن و دەستگیرکردن لەلایەن دادگەوە دژی خاوەن پلە باڵاکان دەرکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە