هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت: گرنگە حکومەتەکانی کەرکووک و دیالە پێکبهێندرێن

02-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی حکومەتی عێراق داوای پێکهێنانی حکومەتە خۆجێیەکانی پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دەکات. راشیگەیاند، جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت گەیشتووەتە 68٪.
 
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی کە هاوپەیمانیی پێکهێنەری حکومەتە، شەوی دووشەممە، 1ـی تەممووزی 2024 کۆبووەوە و لە راگەیێندراوێکدا باسی ژمارەیەک دۆسیەی پەیوەست بە دۆخی نێوخۆ و دەرەوەی عێراقی کرد.
 
هاوپەیمانێتییەکە رایگەیاندووە: "رۆژی دووشەممە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە کۆشکی حکومەت بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی نیشتمانی و نێودەوڵەتی کۆبووەوە، هاوپەیمانێتی تاوتوێی هەوڵەکانی حکومەتی لە دابینکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان کرد، جگە لە بایەخی پشتیوانیکردنی سەرجەم دامەزراوەکان بۆ ئەو هەوڵانە، بەتایبەت ئەنجوومەنی پارێزگاکان."
 
بەپێی راگەیێندراوی هاوپەیمانییەکە، هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بە گرنگی زانیوە حکومەتە جۆجێیەکانی پارێزگاکانی کەرکووک و دیالەش هاوشێوەی ئەوانی دیکە پێکبهێندرێن، جگە لەوەش جارێکی دیکە رێگەی بە حکومەتی عێراق دایەوە و پشتیوانی لەو دیالۆگە کرد کە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی دژ بە داعش هەیەتی بۆ دەرچوونی هێزە بیانییەکان و پشتیوانی لە بڕیارەکانی پەیوەست بەو بابەتەوە کرد.
 
هەر لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، داواکرا پرسی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران لەلایەن پارتە رکابەرەکانەوە یەکلایی بکرێتەوە.
 
لە بابەتی ئەو قسانەشی لەسەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری هەیە، کە گوایە دەخرێتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە، بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەڵێت: "دژایەتی ئەو سووکایەتیە دەکەین کە دژی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکەکەی دادوەر فایەق زێدان دەوەستینەوە."
 
هاوپەیمانێتییەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە: "بەپێی دوایین ئەبدەیتی راپۆرتی لیژنەی پەیوەندیدار بە بەدواداچوونی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت، رێژەی جێبەجێکردن گەیشتووەتە 68٪."
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە