سوودانى بۆ فەرماندە سەربازییەکان: چاودێریى جموجوڵى گرووپە تیرۆریستییەکان بکەن لە سووریا

01-12-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
محەممەد شیاع سوودانى فەرمانی دا بە فەرماندە سەربازییەکان، چاودێریى جموجوڵى "گروپە تیرۆریستییەکان" بکەن لەنێو خاکى سووریا و رایگەیاند، "بەرپەرچى هەر هەڕەشەیەک دەدەینەوە کە زیان بە خاک و سەروەریى وڵات بگەیێنێت".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنى وەزارى بۆ ئاسایشى نیشتمانیى عێراق کۆبوونەوەیەکى "لەناکاو"ـی بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران و فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەنجامدا.
 
بە گوێرەى راگەیێندراوێکى لیوا یەحیا رەسول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە رووداوەکانى سووریا و کۆنترۆڵکردنى چەند ناوچەیەکى ئەو وڵاتە کراوە لە لایەن ئەو گرووپانەى بە "تیرۆریست" ناوى بردوون.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا سوودانى فەرمانى بە فەرماندە سەربازییەکان داوە چاودێریى جموجوڵى "گرووپە تیرۆریستییەکان" بکەن لەنێو خاکى سووریا و لە مەیدان ئامادە بن بەتایبەت لە سنوورە هاوبەشەکاندا.
 
لە 27ى تشرینى دووەمى 2024ـەوە دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی هاوپەیمانی کە دژبەری حکومەتی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریان، دەستیان بە هێرش بۆ سەر رۆژئاوای حەلەب کرد و ناوەندی شارەکەیان کۆنترۆڵکرد.
 
 سوودانى لە کۆبوونەوەکە گوتویەتى، "ئاسایشى عێراق کارى هەرە گرنگ و لەپێشینەى حکومەتە و بەرپەرچى هەر هەڕەشەیەک دەدەینەوە کە زیان بە خاک و سەروەریی وڵات بگەیێنێت".
 
سنوورى نێوان عێراق و سووریا زیاتر لە 650 کیلۆمەتر دەبێت، بە گوتەى بەرپرسانى سەربازیى عێراق زیاتر لە 80%ى بە بەربەستى کۆنکرێتى گیراوە و بە کامێرا چاودێرى دەکرێت.
 
بە گوێرەى راگەیێنراوەکەى لیوا یەحیا رەسول، بەشداربووانى کۆبوونەوەکە جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە دەبێت راگەیاندنەکان ورد بن لە گواستنەوەى زانیارییەکان و دواى ئەو "پڕوپاگەندانە" نەکەون کە کاریگەرییان لەسەر ئاسایشى نێوخۆ و ناسەقامگیریى دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت

مانگی 4 عێراق 91 ملیۆن بەرمیل نەوتى هەناردە کردووە؛ 211 هەزاری لە کەرکووک بووە

عێراق لە مانگی نیساندا زیاتر لە 91 ملیۆن بەرمیل نەوتى لە رێگەى بەندەرەکانى بەسرەوە هەناردە کردووە، کە زیاتر لە 211 هەزار بەرمیلیان لە کێڵگەکانى نەوتى کەرکووک بە تەنکەر هەناردەى ئوردن کراوە