پەرلەمانتارێکی عێراق: ئەو زێڕەی هاوردە دەکرێت دەتوێندرێتەوە و بە قاچاخ دەبرێتە دەرەوە

01-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق داوا لە یەکێک لە فەرمانگە هەستیارەکانی حکومەتی عێراق دەکات لێکۆڵینەوە لە هاوردەکردنی زێڕ لە عێراق بکرێت، کە بە گوتەی ئەو "گەندەڵیی تێدا دەکرێت" و سەرچاوەیەکە بۆ وەرگرتنی دۆلار و فرۆشتنەوەی لە بازاڕدا.
 
عالییە نسەیف جاسم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆری سەر بە بانکی ناوەندیی کردووە، داوا دەکات لێکۆڵینەوە لەو پارانە بکرێت کە ئەم ساڵ لە سەکۆی فرۆشتنی دراو لە بانکەکە بۆ کڕینی زێڕ و خشڵ وەرگیراون.
 
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "داواتان لێدەکەین دڵنیاببنەوە لە دروستیی ئەو رێکارانەی لە گومرگەکان و دەزگای ناوەندیی پێوانەکردن و کۆنتڕۆڵی جۆری دەگیرێتەبەر، لەگەڵ دڵنیابوونەوە لە پڕۆسەکانی فرۆشتن لە بازاڕەکان و کێن ئەوانەی سوودمەندی راستەقینەن لە کڕینی زێڕ، چونکە زانیاریی تەواو هەن ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن هۆکاری بەرزبوونەوەی فرۆشی دۆلار لە سەکۆکەوە بەهۆی هاوردەکردنی بڕێکی زۆری زێڕە کە لە بازاڕەکان نافرۆشرێت، بەڵکو دووبارە دەتوێندرێتەوە و بە قاچاخ دەبرێتە دەرەوەی عێراق بۆ سوود وەرگرتن لە جیاوازیی بەهای دراوی فەرمی و بازاڕی هاوتا."
 
لە نووسراوەکەدا عالییە نسەیف جاسم هۆشداری داوە، ئەو پارەیەی لەو پرۆسەیەدا دەستدەکەوێت، "بۆ پارەدارکردنی کاری گوماناوی و بۆ داپۆشینی ئەو پارانەیە کە بە گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی و هەراسانکردن وەرگیراون."
 
جەمال عەبدولجەبار، سەرۆکی سەندیکای وزە و پیشەسازی و کانزاکان لە عێراق، بە رووداوی گوت، "بابەتی هاوردەکردنی زێڕ بۆ عێراق و دواتر تواندنەوەی بەمەبەستی سوودوەرگرتن لە جیاوازیی بەهای دۆلار دروست نییە، باوەڕناکەم حکومەتی عێراق ئەو پارە زۆرە بۆ کڕینی زێڕ بداتە بازرگانان."
 
بەپێی ئامارەکانی سندووقی دراو، لە ئایاری ئەمساڵدا یەدەگی زێڕی عێراق 2.644 تۆن زیاد بووە و ئێستا کۆی یەدەگی زێڕی ئەو وڵاتە 148.305 تۆنە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە