مانگی رابردوو لە هەر کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراقدا نزیکەی 150 پەرلەمانتار ئامادە نەبوون

01-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق مانگی تەممووزی ئەم ساڵ تەنیا سێ کۆبوونەوەی کردووە، لە هەر کۆبوونەوەیەکیش نزیکەی نیوەی پەرلەمانتاران ئامادە نابن، هیچ کام لە کۆبوونەوەکانیش بۆ چاودێریی کارەکانی حکومەت نەبووە و تەنیا یەک یاساشی پەسند کردووە.
 
بەپێی راپۆرتێکی روانگەی پەرلەمانی، مانگی تەممووزی 2024 پەرلەمانی عێراق سێ کۆبوونەوەی کردووە، هیچ کۆبوونەوەیەکیشی بۆ چاودێریکردنی کارەکانی حکومەت نەبووە، جگە لەوەش خوێندنەوەی یەکەمی بۆ شەش پڕۆژەیاسا و خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ دوو پڕۆژەیاسا کردووە، تەنیا یەک یاسای پەسند کردووە.
 
یەکێکی دیکە لە کارەکانی پەرلەمان دەنگدان بووە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی کاتیی پەرلەمانی بۆ نووسینەوەی رەشنووسێکی تایبەت بە رەفتاری پەرلەمانتار.
 
بەپێی روانگەکە بەشێکی زۆری پەرلەمانتاران لەو سێ کۆبوونەوەیە ئامادە نەبوون، بە جۆرێک لە هەر سێ کۆبوونەوەکە بە تێکڕا 147 پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان نەبوون.
 
سەجاد سالم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "کەمیی کۆبوونەوەکان ئاماژەیەکە بۆ نەبوونی هاوئاهەنگی، چونکە زۆر بابەت و پڕۆژەیاسای هەستیار و گرنگ هەن، دەبێت پەرلەمان کاریان لەسەر بکات، راستە بەهۆی پشووی پەرلەمانەوە هەندێک کۆبوونەوەکان دواکەوتن، بەڵام دەبێت کۆبوونەوەی زیاتر بکرێت، چونکە زیاتر لە 100 پڕۆژەیاسا هەن و پێویستیان بە کار لەسەر کردنە."
 
بەپێی مادەی 22ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمان دوو خوولی یاسادانانی ساڵانەی هەیە، یەکێکیان لە 1ی ئادار دەستپێدەکات تاوەکو 30ی حوزەیران، ئەوی دیکەیان لە 1ی ئەیلوول دەستپێدەکات تاوەکو 31ی کانوونی یەکەم. هەروەها دەبێت لانیکەم مانگانە هەشت کۆبوونەوە بکات.
 
کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق لە مانگی رابردوودا:
 
- 20ی تەممووز، 171 پەرلەمانتار ئامادە بوون، 158 پەرلەمانتار ئامادە نەبوون
- 21ی تەممووز، 181 پەرلەمانتار ئامادە بوون، 148 پەرلەمانتار ئامادە نەبوون
- 27ی تەممووز، 194 پەرلەمانتار ئامادە بوون، 135 پەرلەمانتار ئامادە نەبوون
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە