رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق دوو سکاڵاى تایبەت بە هەرێمى کوردستانى رەتکردەوە، یەکێکیان بۆ ناچارکردنى حکومەتى فیدراڵى بوو کە هەڵەبجە بکاتە پارێزگا، ئەوى دیکەیان دژ بە دوو مادەى یاسای پارێزەرانى هەرێمى کوردستان تۆمارکرابوو.
ئەمڕۆ دووشەممە یەکى تەممووز دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق دانیشتنى لە بارەى ئەو سکاڵایانەوە کردووە و بڕیارى کۆتایی لەبارەی هەردووکیان داوە.
سکاڵایەکیان لەلایەن موسەننا ئەمین، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان دژى سەرۆکى پەرلەمان و سەرۆکوەزیرانى عێراق تۆمارکرابوو، داواى کردبوو هەڵەبجە بکرێتە 19ـەیەمین پارێزگاى عێراق و شایستەى دارایی و کارگێڕى بۆ دەستبەر بکرێت، بەڵام دادگە بەپاساوی ئەوەی بابەتەکە پسپۆڕیێتی دادگە نییە، سکاڵاکەی رەتکردووەتەوە.
سکاڵاى دووەمیان لەلایەن رائید مالیکى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق لە دژى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکرابوو، داواى دەکرد دوو مادەى یاسای پارێزەرانى هەرێمى کوردستان بە نادەستووریى بناسێنێت کە رێگە دەگرێت لەوەى پارێزێک ئەندامی سەندیکا نەبێت، لە دۆسیەکانى دژ بە دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن دامەزراوەکانى حکومەتى فیدراڵ ببنە پارێزەرى دۆسیەکە.
دادگەى فیدراڵى بڕیاریداوە ئەو سکاڵایە رەتبکاتەوە بە پاساوى ئەوەى کە سکاڵاکار بەرژەوەندیى لە پێشکێشکردنى سکاڵاکە نەبووە.
بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق، هەر کەسێک سکاڵا لە دژى یاسایەک یان بڕیارێک تۆماربکات دەبێت لێى زەرەرمەند بووبێت ئەگەرنا سکاڵاکەى رەتدەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ