سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بەقەزابوونی دوو ناحیەی راگەیاند و دوو ئەندامی ئەنجوومەکە رەتیدەکەنەوە

01-01-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەڵێت، ئەنجوومەنەکەیان بە قەزابوونی گوڵاڵە و قەرەتەپە و بە ناحیەبوونی حەمرین-ی پەسندکرد، بەڵام دوو ئەندامی ئەنجوومەنەکە ئەو قسانەی سەرۆکی ئەنجوومەن رەتدەکەنەوە و دەڵێن، تەنیا حەمرین و خان بەنی سەعد دەنگی لەسەر دراوە. 
 
رۆژی سێشەممە، 31-12-2024، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە سەرۆکایەتیی عومەر کروی، کۆبوونەوەی ژمارە 22ـی بە ئامادەبوونی 13 ئەندامی ئەنجوومەکە کرد.
 
دوای کۆبوونەوەکە، عومەر کروی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەنجوومەنی دیالە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "چەندین بڕیاری گرنگ دران کە خزمەت بە خەڵکەمان دەکات لە پارێزگای دیالە. لەو بڕیارانە بە قەزاکردنی ناحیەکانی خان بەنی سەعد، جەلەولا (گوڵاڵە) و قەرەتەپە، هەروەها حەمرین کرایە ناحیە".  
 
گوڵاڵە و قەرەتەپە سەر قەزای خانەقین-ن لە پارێزگای دیالە، ناوچەی کوردستانین و لە چوارچێوەی مادەی 140ـی دەستوورن.
 
لەبارەی بەقەزابوونیان، نزار لهێبی و فارس جبووری، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، ئەمڕۆ چوارشەممە (01-01-2025) ئەو قسانەی سەرۆکی ئەنجوومەنەکەیان رەتکردەوە و بە رووداویان گوت، "لە دانیشتنەکەدا دەنگ لەسەر بەقەزابوونی جەلەولا و قەرەتەپە نەدراوە".
 
لهێبی و جبووری گوتیان "تەنیا دەنگدرا حەمرین بکرێتە ناحیە و خان بەنی سەعد-یش لە ناحیەوە بکرێتە قەزا". هۆکارەکەشیان بۆ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و فراوانبوونیان گەڕاندەوە.
 
بەگوتەی ئەو دوو ئەندامە عەرەبە سوننەیە، دواتر رێژەی یاسایی ئامادەبوونی دانیشتنی ئەنجوومەن نەما و ئەوەشی باس دەکرێت لەبارەی دەنگدان بە بەقەزابوونی گوڵاڵە و قەرەتەپە دوورە لەڕاستییەوە.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە 15 ئەندام پێکدێت، حەوت سوننە و حەوت شیعە و نوێنەرێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەویش بە نەتەوە عەرەبە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە