رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق گرێبەستی دروستکردنی پێنج سایلۆی لەگەڵ دوو کۆمپانیای بیانی واژۆکرد، کە یەکێکیان لە کەرکووکە.
بەئامادەبوونی ئەسیر داود غرێری، وەزیری بازرگانیی عێراق، لە دوا کاتەکانی ساڵی 2024دا، دوێنێ سێشەممە وەزارەتی بازرگانی گرێبەستی دروستکردنی پێنج سایلۆی هاوچەرخی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای بوهلر-ی سویسری و سامکۆ-ی میسری واژۆکرد. توانای کۆگاکردنی هەر یەکێکیان 60 هەزار تۆنە.
سایلۆکان لە پارێزگاکانی کەرکووک، ئەنبار، واست، نەجەف و موسەننا دروستدەکرێن.
لە رێوڕەسمەکەدا وەزیری بازرگانی گوتی، لەگەڵ واژۆکردنی ئەو گرێبەستە وەک پاکێجی یەکەم، کاریان بۆ ئامادەکردنی پەنکەرەکانیش کردووە، کە دەتوانن یەک ملیۆن تۆن کۆگە بکەن، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرزی داهاتوو.
بەگوتەی ئەسیر داود غرێری، لە پلانیاندایە لە داهاتوودا 20 سایلۆی دیکە دروست بکەن.
حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە گرێبەستەکەی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیاکە واژۆکرد و گوتی، "لەگەڵ واژۆکردنی گرێبەستەکە، دەست بە دروستکردنی ئەو پێنج سایلۆیە دەکەین".
راشیگەیاند، "دوایین سایلۆ لە عێراق لە ساڵی 1982 دروستکراوە، کە سایلۆکانی تاجی و دۆرە بوون".
بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی بازرگانی عێراق، ساڵی 2024 لە مێژووی عێراقدا زۆرترین گەنم وەرگیراوە، کە 6.302 ملیۆن تۆن بوو.
کۆمپانیای بوهلەر-ی سویسری ئەزموونی کارکردنی لە عێراق هەیە، بەگوتەی وەزیری بازرگانی، یەکەم سایلۆی لە عێراقدا لە 1961 لەلایەن کۆمپانیای بوهلەر دروستکراوە.
گرووپی کۆمپانیاکانی بوهلەر Bühler Holding سویسری لە 1860 دامەزراوە. بارەگای سەرەکی لە ئوزویل ( Uzwill)ی سویسرایە. لە 140 وڵات کار دەکات.
لە جیهاندا 30 شوێنی دروستکردن و 12490 کارمەندی هەیە. داهاتی ساڵی 2021ی 2.70 ملیار فرەنکی سویسری بوو. کاری سەرەکیی کۆمپانیاکە چارەسەرکردنی خۆراک و دروستکردنی کەلوپەلی پێشکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ