مەسعود پزیشکیان؛ پزیشکی دڵ و سیاسەت

30-07-2024
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی 28ـی تەممووزی 2024، لە رێوڕەسمێکدا لە حوسێنییەی ئیمام خومەینی لە تاران بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان وەکو نۆیەمین سەرۆککۆماری ئێران لەلایەن عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئەو وڵاتەوە واژۆکرا.
 
سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، ئەرکی ئەو و دەوڵەتی داهاتوو، پابەندبوونە بە بۆچوونەکانی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سیاسەتە گشتییەکاندا و یاسای بەرنامەی حەوتەمی گەشەپێدانی وڵات کە لە دیبەیتەکانیشدا جەختی لەسەر دەکردەوە.
 
بەپێی دەستووری ئێران، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران، ئەرکی جێبەجێکردنی دەستوور و سەرۆکایەتیی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی لەسەر شانە، جگە لەو دەسەڵاتانەی راستەوخۆ تایبەتن بە رێبەر.
 
هەر هەمان رۆژ مەسعود پزیشکیان لە نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆمار لە شەقامی پاستۆری تاران ئامادە بوو و دوای وەرگرتنی نووسینگەکە لە محەممەد موخبیر، سەرپەرشتیاری سەرۆککۆماریی، یەکەمین کۆبوونەوەی حکومەتی بەڕێوەبرد.
 
لە گەڕی دووەمی 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران کە لە 5ـی تەمووزی 2024 بەڕێوەچوو، مەسعود پزیشکیان بە بەدەستهێنانی زیاتر لە 16 ملیۆن و 384 هەزار دەنگ بەسەر سەعید جەلیلی، سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و بەربژێری نەریتخوازاندا سەرکەوت و وەک نۆیەمین سەرۆککۆماری وڵاتەکە هەڵبژێردرا.
 
هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران دوای ئەوە هات کە رۆژی 19ـی ئایاری 2024، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو کاتی وڵاتەکە، کاتێک دەگەڕایەوە ناوەندی شاری تەورێز، هێلیکۆپتەرەکەی "بەهۆی کەشوهەواوە" لەنێو دارستانێکی پارێزگاکە کەوتە خوارەوە و لە تەمەنی 63 ساڵیدا لەگەڵ یاوەرانی گیانی لەدەستدا.
 
گرنگترین وێستگەکانی ژیانی پزیشکیان
 
مەسعود پزیشکیان رۆژی 29-09-1954 لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. قۆناخی سەرەتایی خوێندنی لە مهاباد بووە و کوردییەکی باش قسە دەکات، هەر بۆیە زۆرجار، دەگوترێت دایکی پزیشکیان کوردە، بەڵام خۆی چەند جارێک رایگەیاندووە دایک و باوکی ئازەرین و تەنیا لە مهاباد لەدایکبووە.
 
قۆناخی دواناوەندی لە شاری ورمێ تەواوکردووە و ساڵی 1976 لە زانکۆی تەورێز دەستی بە خوێندن لە بەشی پزیشکی کردووە، بەڵام بەهۆی شەڕی ئێران و عێراقەوە لە ساڵی 1985 خوێندنی زانکۆی تەواو کردووە و دواتر وەک راهێنەری فیزیۆلۆژی لە کۆلێژی پزیشکی وانەی گوتووەتەوە.
 
لە کاتی شەڕی نێوان ئێران و عێراقدا وەک بەرپرسی ناردنی تیمی پزیشکی بۆ ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی کاری کردووە.
 
ساڵی 1990 پسپۆڕی لە نەشتەرگەریی گشتی لە زانکۆی تەورێز وەرگرتووە. ساڵی 1993 پسپۆڕیی نەشتەرگەریی دڵی لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران وەرگرتووە و لە نەخۆشخانەی ''شەهید مەدەنی''ـی شاری تەورێز دەستی بە کارکردن کردووە و بووەتە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە. 
 
ساڵی 1994 پۆستی سەرۆکایەتیی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تەورێزی پێدرا و تاوەکو ساڵی 2000 لەو پۆستە مایەوە.
 
ساڵی 1994 لە رووداوێکی هاتووچۆدا هاوژین و منداڵێکی لەدەستداوە و وەک خۆی دەڵێت، لەو کاتەوە تائێستا هاوژینیی پێکنەهێناوە و خەریکی گەورەکردن و پێگەیاندنی منداڵەکانی بووە. پزیشکیان ئێستا سێ منداڵی هەیە، کچێک و دوو کوڕ. 
 
ساڵی 2000 لە کابینەی یەکەمی محەممەد خاتەمی، سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئێران، بۆ ماوەی ساڵێک جێگری وەزیری تەندروستی بووە. لە ساڵی 2001 تاوەکو 2005 لە کابینەی دووەمی خاتەمیدا وەک وەزیری تەندروستیی ئێران کاری کردووە.
 
دواتر وەک نوێنەری خەڵکی تەورێز و ئازەرشار لە خولی هەشتەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران بووە پەرلەمانتار. لە ساڵی 2008ەوە تائێستا ماوەی پێنج خول ئەندامی پەرلەمانی ئێران بووە و لە خولێکیشدا جێگری سەرۆکی پەرلەمان بووە.
 
ساڵی 2016 لە خولی دەیەمی پەرلەماندا، بە بەشداری 100 پەرلەمانتار "فراکسیۆنی ناوچە تورکنشینەکانی ئێرانی" پێکهێنا و خۆی بووە سەرۆکەکەی.
 
پزیشکیان پێشتر دووجار خۆی بۆ هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆماری بەربژێر کردبوو، جاری یەکەم لە ساڵی 2013 لە بەرژەوەندیی هاشمی رەفسنجانی کشایەوە، جاری دووەم ساڵی 2017 بوو کە لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە شیاوبوونی رەتکرایەوە.
 
لە 1ی حوزەیرانی 2024 خۆی بۆ 14ـەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران بەربژێر کرد و دوای هەشت رۆژ شیاوبوونی پەسند کرا. دواتر بەرەی ریفۆرمخوازان پشتگیری خۆی بۆ مەسعود پزیشکیان راگەیاند و بوو بە تاکە بەربژێری ریفۆرمخوازان لەو هەڵبژاردنەدا.
 
لە گەڕی دووەمی 14ـەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێراندا سەرکەوت و وەک نۆیەمین سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە هەڵبژێردرا.
 
رۆژی 28-07-2024 دوای واژۆکردنی بەڵگەنامەکەی لە لایەن عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە  فەرمی دەستبەکاربوو. رۆژی 30-07-2024 لە رێوڕەسمێکدا لە پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخوات.
 
پزیشکەکەی دڵ و سیاسەت
 
ساڵی 2000 و کابینەی یەکەمی محەممەد خاتەمی، سەرۆککۆماری ریفۆرمخوازی ئەو کاتی ئێران، وەک یەکەمین وێستگەی ژیانی سیاسیی مەسعود پزیشکیان دادەنرێت. ئەو کاتە، پزیشکیان بۆ ماوەی ساڵێک بووە جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران. لە کابینەی دووەمی خاتەمیدا و لە نێوان ساڵەکانی 2001 تاوەکو 2005، پزیشکیان وەک وەزیری تەندروستیی ئێران دەستنیشانکرا.
 
پزیشکیان هەرچەندە خۆی چەندین جار رایگەیاندووە، سەر بە هیچ حیزب و بەرەیەک نییە، بەڵام بە کەسێکی نزیک لە ریفۆرمخوازان و میانڕۆکانی وەکو محەممەد خاتەمی و حەسەن رووحانی، سەرۆککۆمارانی پێشووی ئێران دادەندرێت. هەروەها وەک کەسێکی نزیک و بڕواپێکراوی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دادەنرێت.
 
لە کاتی هەڵمەتی بانگەشەکانیدا بۆ 14ـەمین خوڵی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران، مەسعود پزیشکیان لەگەڵ بەرەی ریفۆرمخوازاندا کۆبووەوە و رایگەیاند: "من کەسێکی نەریتخوازم، چونکە من پرەنسیپم هەیە و ئەوەش راستی و دادپەروەرییە. بۆ گەیشتن بەم دوو پرەنسیپەش، پێویستە چاکسازی بکرێت."
 
سەبارەت بە پێگەی عەلی خامنەییش، پزیشکیان لە کاتی هەڵمەتی بانگەشەکانیدا لە زانکۆی تاران رایگەیاند، ئەو پابەندی رێبەرە و کەس بۆی نییە سوکایەتی و بێڕێزی بە عەلی خامنەیی بکات.
 
ئەو پێیوایە هۆکاری ناڕازیبوونی خەڵک ئەوەیە، کە بەرپرسانی وڵات بەهۆی بێتوانایی و نەبوونی شارەزاییەوە نەیانتوانیوە سیاسەتەکانی رێبەر وەک پێویست جێبەجێ بکەن.
 
روانگەی پزیشکیان بۆ مافی پێکهاتەکان
 
پزیشکیان چەندینجار جەختی لە ناسنامەی تورکبوونی خۆی کردووەتەوە و رایگەیاندووە، شانازی بە ناسنامەکەی دەکات. هاوکات لە بەرنامەی خۆیدا لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا باسی لەوە کردووە لایەنگری خوێندن بە زمانی دایکە لە پاڵ زمانی فەرمیی وڵاتەکە، بۆ ئەمەش پێداگری لە سەر جێبەجێکردنی مادەی 15ی دەستووری ئێران دەکات.
 
بەگوێرەی مادەی 15ی دەستووری ئێران، خوێندن بە زمانی دایک لە قوتابخانە و خوێندنگەکانی ئەو وڵاتە لە پاڵ زمانی فەرمیی وڵاتدا، کە زمانی فارسییە، بۆ هەموو نەتەوە جیاوازەکانی نێو ئێران رێگەپێدراوە، بەڵام ئەو مادەیەی دەستوور تاوەکو ئێستا لە لایەن حکومەتەوە جێبەجێنەکراوە.
 
لە هەڵمەتی بانگەشەکانیدا، مەسعود پزیشکیان بەردەوام رەخنەی لەوە دەگرت لە حکومەتەکانی پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی وەک کورد، بەلووچ، عەرەب و سوننە پشتگوێخراون و پۆستی باڵایان نەدراوەتێ. جەختی لەوەش دەکردەوە، "پشتیوان و فریادڕەسی ئەو کەسانە دەبم کە لە کۆمەڵگەکەماندا دەنگیان نابیسترێت. دەبمە دەنگی گەنجان، ژنان و ئیتنیکەکان و هەوڵدەدەم بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان."
 
رۆژی 11ی حوزەیرانی 2024، پزیشکیان باسی مافی پێکهاتەکانی ئێرانی کرد و گوتی: "ئەگەر ئێمە بەرگری لە ئیتنیکەکان دەکەین، لەبەر ئەوەیە ئەو ئیتنیکانە ئێرانین. ئایا ئەمڕۆ پۆستێک دەدرێت بە کەسێکی بەلووچ؟ سروشتییە کەسێکی لەو جۆرە ململانێی لەگەڵ ئێمەدا هەبێت. خەتای ئەو نییە، خەتای منە کە مافی خۆیم پێ نەدا. دەڵێن ئەم خەڵکە نەتەوەگەران، لە کاتێکدا مافی خۆیان دەوێت و ئێمەش دەبێ مافی خۆیان پێ بدەین. ئەگەر نەیکەین ئەوان ناڕەزایەتی دەردەبڕن. دەزانن بۆچی هەندێک کەس روو لە پێکەوەبوونیی عەرەب، تورک و کورد دەکەن؟ چونکە دەبینن مافەکانیان پێنادرێت؛ بۆیە لە شوێنێکی دیکەوە کارێکی دیکە دەکەن. پێویستە مافی هەموو خەڵک و هەموو ئێرانییەکان بدرێت."
 
مەرجەکانی وەرگرتنی پۆست لە کابینەکەی پزیشکیان
 
دوای سەرکەوتنیشی لە هەڵبژاردنەکاندا و لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەکەیدا، رۆژی 10ی تەمووزی 2024 نووسینگەکەی لە راگەیێندراوێکدا 18 پێوەری بۆ ئەو کەسانە راگەیاند کە پێشنیاز دەکرێن تاوەکو لە کابینەکەیدا بەرپرسیاریێتییان پێبدرێت.
 
یەکێک لە پێوەرەکان ئەوە بوو کە کەسانی پێشنیازکراو خاوەن روانگەی نیشتمانی بن و نابێ روانگەی ئیتنیکی و مەزهەبییان هەبێ. هەروەها دەبێت پابەند بن بە دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەوڵی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی پێکهاتە نەتەوەییەکان لە چوارچێوەی دەستووری وڵاتەکەدا بدەن.
 
دواتر لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیدا، رۆژی 18ی تەمووزی 2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران، محەممەدرەئوف قادری، پەرلەمانتاری پێشووی پاوە، جوانڕۆ، روانسەر و سەلاسی باوەجانی وەکو ئەندامی سەرەکیی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی قۆناخی راگوزەر دەستنیشانکرد. 
 
روانگەی پزیشکیان بۆ مافی ژنان
 
لە سەرەتای حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، مەسعود پزیشکیان یەکێک بووە لەو کەسانەی پشتگیری لە باڵاپۆشی زۆرەملێ کردووە و وەک خۆی دەڵێت، دوای نەمانی رژێمی شا کەسێکی چالاک بووە لە بە ئیسلامیکردنی زانکۆکانی ئێران لە ساڵانی سەرەتای حکومەتی کۆماری ئیسلامی.
 
بەڵام ئێستا پزیشکیان دژی بەشێک لە پرۆژەکانی حکومەتە بۆ باڵاپۆشی و چالاککردنی پۆلیسی رەوشت. پزیشکیان پێیوایە، "بۆ پاراستنی باڵاپۆشی لە وڵاتدا پێویستە کار و چالاکی کولتووری پەرەی پێبدرێت."
 
سەرۆککۆماری نوێی ئێران، لە کاتی هەڵمەتی بانگەشەکاندا و لە دیبەیتێکی تەلەڤیزیۆنیدا رەخنەی لە سیاسەتەکانی حکومەت لەبارەی ژنانەوە گرت و رایگەیاند: "بە دەرکردنی یاسا رەفتاری ژنان ناگۆڕێت؛ وەک چۆن پێشتر نەیانتوانی بە زۆر باڵاپۆشیی ژنانی ئێران لاببەن، ئێمەش ناتوانین بە زۆر باڵاپۆشیان بکەین. لەبری ئەوەی تووندوتیژ بین، پێویستە بزانین چیمان کردووە کە کچەکانمان وایانلێهاتووە."
 
مەسعود پزیشکیان وەک خۆی رایگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەدایە تێڕوانینی حکومەتی ئێران بۆ ژنان بگۆردرێت و لە بواری ئابوروی، پیشەسازی و زانستدا دەرفەتی زیاتریان پێبدرێت، هەروەها لە حکومەتدا پۆستی باڵایان پێبدرێت.
 
لە کاتی رووداوی مردنی گوماناوی ژینا ئەمینی، کچە کوردەکەی خەڵکی سەقز لە تاران، مەسعود پزیشکیان یەکێک لەو کەسانە بوو کە رەخنەی تووندی لە حکومەتی ئێران گرت و رایگەیاند: "لە روانگەی زانستییەوە ناتوانرێت بگوترێ کە مەهسا ئەمینی بەبێ هۆکار کۆچی دواییکردووە" و داوای کرد، لێکۆڵینەوەی ورد لەبارەی رووداوەکەوە بکرێت و روونکردنەوەی پێویست بە خەڵک بدرێت.
 
هەرچەندە دواتر ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە "ئاژاوە" ناوبرد، بەڵام رایگەیاند: "شێوازی مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ خۆپێشاندەرانی دەستبەسەرکراو و دادگەییکردنییان پێچەوانەی دەستووری ئێرانە."
 
پزیشکیان، دۆخی ئابووری و پەیوەندییەکانی دەرەوە
 
سەرۆککۆماری نوێی ئێران پێیوایە، دۆخی ئابووریی وڵات خراپە و بەتایبەت گەماڕۆ و سزا نێودەوڵەتییەکان گوزەرانی خەڵکیان زۆر قورس کردووە. رەخنەش لە بەرپرسانی حکومەت و بەتایبەت بەرەی نەریتخوازان دەگرێت، کە ''بە سیاسەتە هەڵەکانیان'' بوونەتە هۆکاری دۆخی ئێستای وڵات.
 
لە کاتی بانگەشەکانیدا بۆ 14ـەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا، پزیشکیان رەخنەی توندی لە بەرپرسانی باڵای ئێران گرت و گوتی، "حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری سفرەیەکیان بۆ خۆیان داناوە، بەڵام بە خەڵکی دەڵێن نییە، ئەگەر نییە فەرموون ئێوەش لەسەر هەمان سفرە دابنیشن."
 
راشیگەیاند "دەبێت حاکم کێشەکانی خەڵک چارەسەر بکات و ئەگەر بڕیارە لە خەرجکردنی بودجەدا دەستپێوەگرتن بکرێت، پێویستە هەمووان پابەند بن. خەڵک و دەسەڵاتیش، نابێ جیاوازی لەم بوارەدا هەبێت، ئەگەر پارەش هەبێت پێویستە بۆ هەمووان بێت."
 
پزیشکیان لایەنگری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی جیهان بەتایبەتیش وڵاتانی رۆژئاوایە، هەروەها پشتگیری بە ئەندامبوونی ئێران لە دامەزراوەی شەفافیەتی نێودەوڵەتی ناسراو بە (ئێف ئەی تی ئێف) دەکات و پێیوایە، بە بێ چارەسەرکردنی ئەو دوو بابەتە، ئەستەمە کێشە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە چارەسەر بکرێن.
 
هەروەها رەخنەی تووندی ئاراستەی رکابەرە نەریتخوازەکانی کرد و گوتی، ئەوانەی دەیانەوێت دۆخی ئێستای وڵات وەک خۆی بمێنێتەوە و دژایەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێران لەگەڵ جیهانی دەرەوە دەکەن، بە سزاکان کاسبییان بۆ خۆیان دروست کردووە و بەرژەوەندییان لە مانەوەی دۆخی ئێستای وڵاتدایە. 
 
مەسعود پزیشکیان هەروەها رایگەیاندووە، ئەگەر ئێران پابەندی رێکارەکانی دامەزراوەی شەفافیەتی نێودەوڵەتی نەبێت، تەنانەت چینیش نایەوێت لە بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران بەردەوام بێت.
 
پزیشکیان رایگەیاندووە، بۆ ئەوەی بتوانن بەرنامەی حەوتەمی گەشەپێدانی ئێران بەسەرکەوتوویی جێبەجێ بکەن و گەشەی ئابووریی وڵات بۆ 8٪ بەرزبکەنەوە، پێویستە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دیکە ئاسایی بکەنەوە.
 
پزیشکیان و بەرنامەی ئەتۆمی
 
سەرۆککۆماری نوێی ئێران لایەنگری دەستپێکردنەوەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان و باشترکردنی پەیوەندییەکانی ئێرانە لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا، بەمەبەستی لابردن یان کەمکردنەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا کە کاریگەری خراپیان لەسەر ئابووریی ئێران هەبووە.
 
رۆژی 13ی تەمووزی 2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران لە رۆژنامەیەکی وڵاتەکەیدا بە زمانی ئینگلیزی بابەتێکی بڵاوکردەوە و تێدا رایگەیاند، ئێران دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان، لەنێویاندا وڵاتانی دراوسێ، باشتر بکات.
 
پزیشکیان هەروەها نووسیبووی: "چاومان لە هاوئاهەنگییە لەگەڵ تورکیا، سعودیە، عومان، عێراق، بەحرێن، قەتەر، کوێت، ئیماراتی عەرەبی و هێزە هەرێمییەکان بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانمان و بەهێزترکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانمان." 
 
لەبارەی سرووشتی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و ئەگەری دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە، پزیشکیان گوتبووی "دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دان بەو دۆخەدا بنێت کە هەیە و لەوە تێبگات ئێران ناچێتە ژێر باری گوشارەکانەوە. ساڵی 2015 بەنیازپاکییەوە چووینە نێو رێککەوتنی ئەتۆمییەوە و پابەندبوونەکانمان جێبەجێکردن، بەڵام ئەمریکا نایاساییانە لە رێککەوتنەکە کشایەوە و زیانی سەتان ملیار دۆلاری لە ئابوورییەکەمان دا و مەینەت، مەرگ و وێرانکاریشی رووبەڕووی خەڵکی ئێران کردەوە، بەتایبەتی لە سەردەمی کۆرۆنادا، ئەوەش لە رێگەی سزا تاکلایەنەکانیەوە."
 
سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ رێکەوتنی ئەتۆمی، پزیشکیان لە دیبیەتێکی هەڵبژاردندا دەڵێت: "ئەمریکا دەبێت هەموو ئەرک و پابەندییەکانی جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی بتوانین بگەڕێینەوە نێو رێکەوتنەکە. دەبێت لەگەڵ کەسانی دیکەدا باسی ئەم بابەتە بکەین بۆ ئەوەی رێگەیەک بدۆزینەوە. بۆ گەیشتن بە زمان و روانگەیەکی هاوبەش لەگەڵ کۆمیسیۆنی ئەمنیی پەرلەمان و ئەنجوومەنی باڵای ئاسایش و لایەنەکانی دیکە قسە دەکەین."
 
پزیشکیان بە گوتنی "هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت لەناو قەفەسدا گەشە بکات"، روونیکردەوە، "ئەگەر ئێمە تەنیا بژارەیەکمان هەبێت و ئەوان قبوڵی نەکەن، مانای وایە ئێمە دەمانەوێت تاوەکو کۆتایی لەگەڵ سزاکان بمێنینەوە."
 
سنووردارکردنی ئینتەرنێت
 
مەسعود پزیشکیان چەندین جار رایگەیاندووە، دژی سنووردارکردنی ئینتەرنێتە و لەوبڕوایەدا، گەشەی ئابووری لەم سەردەمەدا بەندە بە سوودوەرگرتن لە ئینتەرنێت. لەو چوارچێوەیەشدا دژایەتی خۆی بۆ پرۆژەکانی حکومەت بۆ رێکخستنی ئینتەرنێت راگەیاندووە.
 
لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، پزیشکیان ئاماژەی بە فیلتەرکردنی ئینتەرنێت لە ئێران کرد و رایگەیاند، "ئێستا بە فیلتەرکردنی ئینتەرنێت بەشێکی زۆری هەلی کارمان لەدەستداوە، ژمارەیەکی زۆری خەڵک کە رێگەی ئۆنلاینەوە کار و داهاتێکیان هەبوو، کارەکانیان لەدەستداوە و گوزەرانی ژیانیان زۆر قورستر بووە."
 
پزیشکیان هەروەها گوتی: "پێویستە ئینتەرنێت ئازاد بێت. تویتەر (تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس) شوێنێکە بۆ پەروەردە و راهێنان و دەتوانین لەم پلاتفۆرمەدا سەرمایە و زانست و تەکنەلۆژیای زۆر فێربین. ئەگەر ببمە سەرۆککۆمار، بە دڵنیاییەوە ئەم قەدەخەکردنانە لادەبەم کە بوونەتە هۆی لەنێوچوونی ژمارەیەکی زۆر لە هەلی کار."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە