دەنگۆی پێدانی ئۆتۆمبێل لە لایەن وەزیری پیشەسازیی ئێرانەوە بە پەرلەمانتاران هەرای ناوەتەوە

29-04-2023
ناسر پیرۆتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەو پەرلەمانتارەی ئێران کە رایگەیاندبوو، وەزیری پیشەسازیی وڵاتەکە بۆ رێگەگرتن لە وەرگرتنەوەی متمانە لێی بەرتیلی داوەتە ژمارەیەک پەرلەمانتار، بانگکرایە دادگە.
 
ئەحمەد عەلیڕەزابەیگی، نوێنەری تەورێز لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت، پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە، 29-04-2023، بانگکراوەتە نووسینگەی داواکاری گشتی بۆ قسەکردن لەبارەی بابەتی پێدانی ئۆتۆمبێل بە پەرلەمانتاران لەلایەن وەزیری پیشەسازیی ئێرانەوە بە مەبەستی پاشگەزکردنەوەیان لە داواکاریی وەرگرتنەوەی متمانە لێی.
 
ئەو پەرلەمانتارە لە تویتێکدا دەڵێت، ئەو رێگەیەی گرتوویەتییەبەر رێگەیەکی راست و دادپەروەرانەیە، بەڵام پڕ مەترسی و سەختیشە.
 
ئەحمەد عەلیڕەزابەیگی هەفتەی رابردوو تۆمەتی پێدانی 75 ئۆتۆمبێلی گرانبەهای بە پەرلەمانتاران دایە پاڵ رەزا فاتمی ئەمین، وەزیری پیشەسازیی ئێران و گوتی، جاری پێشوو کە هەوڵی وەرگرتنەوەی متمانە لەو وەزیرە درا ئەو ئۆتۆمبێلانە بەخشران بە پەرلەمانتاران و هەربۆیە هەوڵی وەرگرتنەوەی متمانە لێی سەری نەگرت.
 
دوای ئەوە ئەحمەد رەسوڵی ‌نەژاد، ئەندامی لیژنەی پیشەسازیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، شەوێک پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لێی، وەزیری پیشەسازیی ئێران پسوولەی وەرگرتنی 75 ئۆتۆمبێلی داوە بە پەرلەمانتاران. 
 
رۆژی 01-11-2022 پەرلەمانی ئێران بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە رەزا فاتمی ئەمین کۆبووەوە و 84 پەرلەمانتار بە وەرگرتنەوەی متمانە دەنگیان دا و 182 پەرلەمانتاریش بە دژ دەنگیاندا.
 
رەزا فاتمی ئەمین، وەزیری پیشەسازیی ئێران ئەو تۆمەتەی رەتکردووەتەوە کە دراونەتە پاڵی و داوای لە داواکاری گشتیی ئێران کردووە لێکۆڵینەوە لە تۆمەتبارکردنی بکات. 
 
ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئێرانیش کە دژی وەرگرتنەوەی متمانەن لە وەزیری پیشەسازیی ئێران، داوایانکردووە دەزگای دادی ئێران لێپرسینەوە لەو دوو پەرلەمانتارە بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە