رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو لە ئیسفەهان کارگەیەکی سەربازیی کرایە ئامانج، دواتر سوپای ئێران لە رایگەیاند، هێرشکردنە سەر ناوەندەکە بە سێ درۆن بووە، یەکێک لە درۆنەکان بە سیستمی دژە مووشەکی تەقێنراوەتەوە و دوو درۆنەکەی دیکەش کەوتوونەتە داوی سیستمی بەرگریی ناوەندەکە و بە ناچاری خۆیان تەقاندووەتەوە.
سوپای ئێران هێرشەکەی بە "ناسەرکەوتوو" لە قەڵەمداوە؛ بەپێی راگەیێنراوی سوپاکە، "هێرشەکە زەرەر و زیانێکی ئەوتۆی نەبووە، کێشەی بۆ دامودەزگە و چالاکییەکانی کۆمەڵگەکە دروست نەکردووە." تەلەفزیۆنی ئێران بڵاویکردەوە، ناوەندێکی دروستکردنی تەقەمەنی وەزارەتی بەرگریی بووە کە تەقیوەتەوە.
محەممەد رەزا جان نساری، جێگری پارێزگاری ئیسفەهان دەڵێت: "خەڵک سەرەتا هەندێک نیگەران بوون، بەڵام بە خێرایی خەڵک ئاگادارکرایەوە کە تەنیا سەربانی یەکێک لە هۆڵەکانی ئەوێ زیانێکی کەمی بەرکەوتووە. هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و ئەو کۆمەڵگەیە بە هەموو هێز و تواناییەوە درێژە بە کارەکانی دەدات."
بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاوبوونەتەوە، دوای تەقینەوەکان هێزە سەربازی و ئەمنییەکان شەقامەکانی نزیک تەقینەوەکەیان داخست و رێگەیان نەدا خەڵک لەوێوە هاتووچۆ بکات.
شەوی رابردوو هاوکات لە شاری تەورێزیش ئاگرێکی گەورە لە شارۆچکەی پیشەسازیدا کەوتەوە. محەممەد باقر هونەربەر، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای تەورێز گوتوویەتی: کارگەیەکی رۆنی ماتۆڕ بووە سووتاوە، بەڵام نەیگوتووە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە چی بووە.
لە رابردووشدا زۆر جاران ناوەندە ئەتۆمی و سەربازییە گرنگەکانی ئێران کراوەتە ئامانج و ئیسرائیل وەک ئەنجامدەریان تۆمەتبار کراوە. بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل دانیان بەو هێرشانەدا نەناوە.
ئێران تەنیا وڵاتێکە لە ناوچەدا بەرنامەیەکی ئەتۆمی هەیە، گەرچی خۆی دەڵێت: بەرنامە ئەتۆمییەکانی مەبەستی ئاشتیخوازانەیان هەیە، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوایی لێی بە گومانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ