وەزیری دەرەوەی فەرەنسا داوا لە ئێران دەکات گیراوە فەرەنسییەکان ئازاد بکات

25-01-2023
هیدایەت جان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، داوای ئازادکردنی ئەو هاونیشتمانییە فەرەنسییانە دەکات، کە لە زیندانەکانی ئێرانن، لە بەرامبەریشدا ئێران داوای راگرتنی هەوڵەکانی پەرلەمانی ئەوروپای بۆ "بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران" دەکات.
 
رۆژی چوارشەممە، 25-01-2023، ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "ئەمیر حوسێن عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کاترین کۆڵۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رەخنەی لە سیاسەتی دەستوەردانی پاریس لە کاروباری ناوخۆی ئێران گرت و داوای کرد سیاسەتی شکستخواردووی دۆناڵد ترەمپ لە سەپاندنی سزا بەسەر تاران دووبارە نەکەنەوە".
 
رۆژی دووشەممە، 23-01-2023، یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا 37 جۆر سزا بەسەر ئەو کەسایەتی و دامەزراوانەی ئێراندا بسەپێنێت کە "رۆڵیان هەبووە لە سەرکوتی خۆپێشاندەران"، وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش نووسیویەتی: "ئەمیرحوسێن عەبدوڵاهیان بە وەزیری دەرەوەی فەرەنسای راگەیاندووە، ئێمەش ئەمڕۆ لە کاردانەوەیەکی هاوشێوە 33 کەسایەتی و دامەزراوەی یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیامان خستووەتە ناو لیستی سزادراوان".
 
وەزیری دەرەوەی ئێران رەخنەی لە هەوڵەکانی پەرلەمانی یەکێتتی ئەوروپا گرتووە بۆ "بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران" و دەڵێت: "سوپای پاسداران دامەزراوەیەکی سەروەری و پارێزەری ئاسایسی نیشتمانی ئێرانە، بۆیە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە وردی چاودێری هەنگاوەکانی ئەوروپا دەکات و هاوشانی ئەو هەنگاوانە رێکاری پێویست دەگرێتەبەر".
 
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: "کاترین کۆڵۆنا بە هەموو شێوەیەک دەستوەردانی وڵاتەکەی لە کاروباری ئێران رەتکردووەتەوە و داوای لە تاران کرد ئەو هاونیشتمانییە فەرەنسیانە ئازاد بکات، کە لە چەند مانگی رابردوودا دەستگیری کردوون".
 
پێشتر وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاندبوو، حەوت هاونیشتمانیی فەرەنسی لە ناوخۆی ئێران گیراون و ئەو هەوڵەی ئێرانی بە هێرشکردنە سەر فەرەنسا ناوبرد و گوتی: "ئەمە جۆرێک لە بارمتە وەرگرتنە کە تاران لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی گرتوویەتەبەر" و لە بەرامبەریشدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو دەستبەسەرکراوانە بە "سیخوڕ و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆ و وەستانەوە دژی ئاسایشی نیشتمانی ئێران" ناودەبات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە