عەلی خامنەیی لە گوتاری جەژندا داوای "یەکگرتوویی" دەکات

22-04-2023
رووداو @Rudawkurdish
عەلی خامنەیی لە نوێژی جەژندا لە موسەڵڵای ئیمام خومەینی لە تاران
عەلی خامنەیی لە نوێژی جەژندا لە موسەڵڵای ئیمام خومەینی لە تاران
نیشانەکردن عەلی خامنەیی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە ئێران و بەشێکی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمڕۆ یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە و عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە گوتاری نوێژی جەژندا داوای لە سێ دەسەڵاتی سەرەکی ئەو وڵاتە کرد، بۆ "چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات ... کۆسپ لەسەر رێگەی یەکتر دروست نەکەن". 
 
ئەمساڵ، پێچەوانەی ساڵانی رابردوو مانگی رەمەزان لە ئێرانیش هاوکات لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچە دەستیپێکرد، بەڵام نووسینگەی رێبەری ئێران رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، مانگیان نەبینیوە؛ بۆیە رۆژی جەژن لە ئێران هاوکات نەبوو لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچە کە رۆژی هەیینیان کردبووە یەکەم رۆژی جەژن.
 
بەشێکی زۆری کوردانی سوننەمەزهەبی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی هەیینی هاوکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان جەژنیان کرد. سوننەمەزهەبە بەلووچ و تورکمانەکانیش، رۆژی هەیینی جەژنیان کرد و چاوەڕێی حکومەت نەبوون بۆ ئەوەی بزانن کەی جەژن رادەگەیەنێت.
 
عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران، بەیانی ئەمڕۆ (شەممە، 22-4-2023) لە گوتاری رۆژی جەژندا گوتی "لە کۆمەڵگەدا بیروڕای جیاواز و روانگەی جیاواز هەیە و کێشەیەک نییە خەڵک پێکەوە کار بکەن و پێکەوە بژین".
 
عەلی خامنەیی داوای لە بەرپرسان کرد خۆیان بە شتە "لاوەکییەکانەوە" سەرقاڵ نەکەن و "هۆشیان بخەنە سەر پرسە بنەڕەتییەکانی وڵات" و، گوتی "دوژمنان دەیانەوێت خەڵک لەسەر بیروبڕوای جیاواز پێکەوە کێشەیان هەبێت و بەشەڕ بێن".
 
چەند مانگێکە باڵاپۆشی لە ئێراندا باسوخواسی زۆری لەسەرە، ئەم بابەتە هەموو دامودەزگا جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە. هەندێ جار بەشێک لە دامودەزگا حکومییەکان لەنێو خۆشیاندا لەسەر شێوازی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ژنانی پابەندنەبوو بە باڵاپۆشی، ناکۆکییان هەیە.
 
ژنانی دژی باڵاپۆشی پەسندکراوی دەسەڵات، ئامادە نین پابەندی رێوشوێنەکانی باڵاپۆشی بن و لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا بەبێ لەچک و بە پرچی رووتەوە دەسوڕێنەوە، حکومەت هەندێ رێکاری تووندی بۆ بەرەنگاربوونەوەیان گرتووەتەبەر. 
 
رەخنەگران دەڵێن، بابەتی باڵاپۆشی و پێداگری دەسەڵات لەسەر بەڕێوەچوونی، کۆمەڵگای ئێرانی بەسەر دوو شەقدا دابەش کردووە.
 
عەلی خامنەیی لەم دواییانەدا، باڵاپۆشیی وەک شتێکی "شەرعی و یاسایی" لە قەڵەمدا و گوتی پابەندنەبوون پێی "حەرامێکی شەرعی و سیاسییە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە