کێشە دەکەوێتە نێوان ئێران و تاڵیبان

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئێران نێردەی حکومەتی ئەفغانستانی لە وڵاتەکەی بانگهێشت کرد و نیگەرانیی خۆی لە بەرامبەر "بێڕێزیکردن" بە سروودی نیشتمانیی ئێرانی لەلایەن شاندێکی تاڵیبانەوە پێگەیاند.
 
رۆژی 20ی ئەیلوولی 2024 وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا گوتی، نێردەی حکومەتی ئەفغانستانیان لە وڵاتەکەی بانگهێشت کردووە و "ناڕەزایەتییەکی تووند"یان بەرامبەر بەو "کردە نانەریتی و قبووڵنەکراوە" نیشانداوە.
 
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای ئەوە هات، رۆژێک پێش ئەوە شاندێکی حکومەتی ئەفغانستان بەشداریی لە کۆنفرانسی یەکگرتوویی ئیسلامی لە تارانی پایتەختی ئێران کرد. لەکاتی سروودی نیشتمانیی ئێراندا نێردەی تاڵیبان لە کۆنفرانسەکە هەڵنەستایەوە سەرپێ و ئەوەش نیگەرانیی بەرپرسانی ئێرانی لێکەوتەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، "پێویستییەکی ئاشکرای میوانە کە رێز لە وڵاتی میواندار بگرێت. رێزگرتن لە سروودی نیشتمانیی وڵاتان هێمایەکی نێودەوڵەتییە."
 
رۆژی هەینی عەزیزی رەحمان مەنسوور، نێردەی ئەفغانستان لە کۆنفرانسەکە لە گرتە ڤیدیۆیەکدا داوای لێبووردنی کرد، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵنەستانەوە لەکاتی سروودی نیشتمانی بەشێکە لە کولتووری ئەفغانستانییەکان.
 
باڵیۆزخانەی ئەفغانستان لە ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، هەڵنەستانەوەی عەزیزی رەحمان بۆ سروودی نیشتمانی کردەیەکی تاکەکەسی بووە و گوزارشت لە حکومەتی تاڵیبان ناکات.
 
سێشەممەی رابردووش نێردەی تاڵیبان لە پیشاوەری پاکستان بەشداریی لە چالاکییەکدا کرد و لەکاتی سروودی نیشتمانیی پاکستاندا هەڵنەستایەوە سەرپێ، ئەوەش نیگەرانیی بەرپرسانی پاکستانی بەدوادا هات.
 
ئێران و ئەفغانستان 960 کیلۆمەتر سنووری هاوبەش لەنێوانیاندا هەیە و بە گوتەی بەرپرسانی ئێران، نزیکەی شەش ملیۆن ئەفغانستانی لە ئێران دەژین.
 
تاڵیبان لە هاوینی 2021ەوە دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتووەتەوە دەست.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە