رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی پاراستنی سنووری ئێران دەڵێت، دەروازەی سنووری مێهران لە پارێزگای ئیلام بەڕووی هاتووچۆی گەشتیاران و زیارەتکاراندا تاوەکو ئێستاش داخراوە و داوای لە خەڵک کرد سەردانی ئەو دەروازە سنوورییە نەکەن.
ئەحمەد عەلی گودەرزی، فەرماندەی پاراستنی سنووری ئێران گوتی، دەروازەی سنووری مێهران تەنیا بۆ بازرگان، وەبەرهێنەر، هەڵگرانی ناسنامەی ئێرانی – عێراقی، نەخۆش و خوێندکاران کراوەیە و دەتوانن هاتووچۆی پێدا بکەن.
دەروازەی سنووری مێهران لە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی نزیکبوونی بە ناوەندی عێراق و هەروەها شوێنە ئایینی و پیرۆزییەکانەوە، هاتووچۆی زۆری پێدا دەکرێت.
بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن، حکومەتی عێراق رێگە بە کردنەوەی دەروازەی سنووریی مێهران نادات و هۆکاری ئەمەش بۆ تەشەنەسەندنی کۆرۆنا دەگەڕێننەوە.
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا کە کۆرۆنا تەشەنەیسەندووە، هاتووچۆی گەشتیاریی و زیارەتکاران لەو دەروازەیەشەوە کەمبووەتەوە، بەڵام پێش هاتنی کۆرۆنا، قاسم سلێمانی دەشتەکی، پارێزگاری پێشووی ئیلام، بەهاری ساڵی 2018 گوتی، ساڵانە نزیکەی 4 ملیۆن و 600 هەزار زیارەتکار لەو دەروازەیەوە هاتووچۆ دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ