رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردووەتەوە، لە شارەکانی شنۆ و مەهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان 6 هاونیشتمانی و لە باکووری ئێرانیش 9 چالاکڤانی ژن دەستگیر کران. هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، دەستگیرکردنی خەڵک زیاتر بووە.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، رۆژی 16-8-2023 سێ هاونیشتمانیی خەڵکی گوندی گۆگتەپەی سەر بە شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون، ئەو هێزانە حوکمی دادوەریان بۆ گرتنی ئەو کەسانە نەبووە و نەشیانگوتووە بۆچی دەستگیر دەکرێن.
هەر رۆژی چوارشەممە لە گوندی بێمزورتێ، سەر بە شاری شنۆ، دوو هاونیشتمانییان دەستگیر کردووە. رۆژێک پێشتریش لە شاری مەهاباد هاونیشتمانییەک بە ناوی هیوا شەباهەنگ دەستگیرکراوە و گواستراوەتەوە شوێنێکی نادیار.
ناوەندی راگەیاندنی چالاکڤانانی ژنی ئێران (بیدارزەنی) بڵاویکردەوە، رۆژی چوارشەممە لانیکەم 9 چالاکڤانی ژن لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای گیلان دەستگیر کراون.
ئەو ژنانە هاوکات لەگەڵ چالاکییەکانیاندا لە بواری ژنان، لە بواری دیکەش چالاکن؛ شاعیر، گرافیست و وێنەگریشیان تێدایە.
هێشتا روون نییە کام لایەنی ئەمنی و بە چ تۆمەتێک ئەو چالاکڤانە ژنانەی دەستگیر کردووە. هەروەها دەنگۆی دەستگیرکردنی ژنێکی دیکەش هەیە و ئەگەر گرتنی پشتڕاست بکرێتەوە، ژمارەی ژنە دەستگیرکراوەکان دەگاتە 10 کەس.
ئەنجوومەنی پیشەیی خوێندکارانی ئێرانیش دەڵێ: لە بەرەبەری ساڵڕۆژی ناڕەزایەتییەکان لە زانکۆ جیاوازەکاندا گوشار لەسەر خوێندکارەکان پەرەیسەندووە و دەیان خوێندکار بانگکراونە ناوەندە ئەمنییەکان و هەڕەشەیان لێکراوە.
بەپێی راپۆرتەکان، گوشاری دامەزراوە ئەمنییەکان لەسەر کەسوکاری کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی پار زیادی کردووە بۆ ئەوەی هیچ رێورەسمێک بۆ کەسوکاری کوژراوان بەڕێوەنەبەن و بێدەنگ بن.
ژینا ئەمینی رۆژی 16-9-2022 لە نەخۆشخانەیەک لە تاران گیانی لەدەستدا. ئەو لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە دەستگیر کرابوو. گیانلەدەستدانیشی ناڕەزایەتیی گەورەی لێکەوتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ