رووداو دیجیتاڵ
ئاگرێکی گەورە لە بازاڕێکی تارانی پایتەختی ئێران کەوتەوە و بەهۆیەوە 30 دووکان و کۆگە سووتان. بەرگریی شارستانیی تاران دەڵێت، ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە و لێکۆڵینەوە لەسەری دەستی پێکردووە.
ئاگرەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 15-8-2023 لە مۆڵێکی شاری تاران کەوتەوە.
سەیید جەلال مەلیکی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی تاران دەڵێت، "کاژێر 02:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بە کاتی تاران (01:30ی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر) ئاگادار کراینەوە کە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە نێو بازاڕی تاران هەیە و لە مۆڵێکدا ئاگر لە چەندین دووکان و کۆگە کەوتووەتەوە؛ بۆیە دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانیمان ناردە شوێنی رووداوەکە".
سەیید جەلال مەلیکی گوتی، لەو بازاڕەدا زیاتر لە 250 دووکان و کۆگە هەن کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەی ئەمڕۆوە 30 دووکان و کۆگە بە رێژەی 30٪ تا 100٪ سووتاون.
بە گوتەی سەیید جەلال مەلیکی، ئاگرەکە لە ژێرزەمینی بازاڕەکەوە دەستیپێکردووە و بە خێرایی بەرەو دووکان و کۆگاکانی دیکە تەشەنەی سەندووە، بەڵام تیمەکانیان توانیویانە لە ماوەیەکی کەمدا رێگە لە تەشەنەکردنی زیاتری بگرن.
سەبارەت بە زیانی ئاگرەکە، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی تاران دەڵێت، ئەم رووداوە هیچ بریندار و گیانلەدەستدانی نەبووە، بەڵام زیانێکی زۆری مادی بەر بازاڕەکە کەوتووە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، لەلایەن تیمەکانیانەوە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ