رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا دەیەوێت ئێران پابەندی خاڵەکانی رێککەوتنی ئەتۆمیی 2015 ببێت، پێویستە پێش هەڵبژاردنەکانی ئێران بڕیاری خۆی بدات و بگەڕێتەوە نێو رێککەوتنی ئەتۆمی، ئەوکاتەش ئێران ئامادەیە بەتەواوی پابەندی رێککەوتنەکە ببێت.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسیی برۆکسل ئاماژەی بەوەش کردووە، هەڵبژاردنەکانی ئێران دەبنە رێگر لەبەردەم هەر دانوستانێکدا تایبەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی و "ئێران لەو کاتەدا ناتوانێت هیچ بڕیارێک بدات تاوەکو ئەوکاتەی حکومەتی نوێ پێکدەهێنرێت".
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەڕێوەدەچێت، بە گوتەی جەواد زەریف پاش هەڵبژاردن، ئێران سەرقاڵی پێکهێنانی کابینەی حکومەتی نوێ دەبێت و ئەگەری هەیە پرۆسەکە نزیکەی سێ مانگ بخایەنێت، بۆیە حکومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت هیچ بڕیارێک لەوبارەیەوە بدات و هەر بژارەیەکیش هەبێت لەدوای مانگی ئەیلوولەوە کاری لەسەر دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد، ئێستا هیچ نیازێکیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بە تەنیا نییە، تاوەکو ئەوکاتەی ئەمریکا بڕیاری گەڕانەوە بۆ ناو رێککەوتنەکە دەدات کە لە ساڵی 2018 بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لێی کشاوەتەوە.
زەریف لەو کۆنفرانسەدا باسی قەرزەکانی عێراقیشی کرد و گوتی، "ئێمە غاز و نەوت بە عێراق دەفرۆشین، بەڵام ئەمریکا رێگەنادات عێراق پارەکەی بداتە ئێران".
محەممەد جەواد زەریف ئەوەی خستەڕوو "تاوەکو ئێستا ئەم ئیدارەیە هیچ شتێکی جیاوازی لە ئیدارەکەی ترەمپ نەکردووە. سەیرکە ئێمە نزیکەی 10 ملیار دۆلارمان لە کۆریا هەیە، پارەمان لە عێراق هەیە، غاز و کارەبا بە عێراق دەفرۆشین، ئەمریکا خۆی رێگەی داوە عێراق غاز و کارەبا لە ئێمە بکڕێت، بەڵام رێگەنادات عێراق ئەو پارەیە بداتەوە ئێمە، وەکو ئەوەی ئێمە تەنیا رێگەمان پێدرابێت خۆبەخشانە غاز و کارەبا بدەین. ئێمە پێویستمان بەو پارەیە لەکاتی پەتای کۆرۆنا بۆ دابینکردنی ڤاکسین، خۆراک و دەرمان بۆ گەلی خۆمان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ