رووداو دیجیتاڵ
ئێران سەرکۆنەی فەرەنسا دەکات و بە "دەستوەردان" لە کاروباری بەندکراوانیدا تۆمەتباری دەکات. وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، ئێرانی تۆمەتبار کردبوو بەوەی چوار هاووڵاتیی فەرەنسیی بە بارمتە گرتووە.
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی سێشەممە بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوت، "ئێمە ئەم هەڵوێستە ناپیشەیی، دەستوەردانکەر و ناشیاوانە بە تووندی سەرکۆنە دەکەین."
کەنعانی باسی لەوە کرد، ئەو چوار کەسە "لەسەر بنەمای بەڵگە و گەواهیدانی متمانەپێکراو دەستگیر کراون و حکومەتی فەرەنساش زۆر بە باشی ئاگاداری تاوانەکانیانە."
مامۆستایەک بە ناوی سێسیل کۆهلەر و هاوژینەکەی بە ناوی جاک پاریس، لە ئایاری 2022 لە ئێران دەستگیر کران. تاران تۆمەتباریان دەکات بە هەوڵدان بۆ وروژاندنی نائارامی. خێزانەکانیان ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە.
7ی ئایاری2022 وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاندبوو، "فەرەنسا سەرکۆنەی سیاسەتی بەبارمتەگرتنی خەڵک و هەراسانکاریی بەردەوامی حکومەتی ئێران دەکات." وەزارەتەکە داوای لە تاران کردبوو، هاووڵاتییەکانی ئازاد بکات.
کەنعانی داوای لە پاریس کرد "خۆی بەدووربگرێت لەم جۆرە پەیامانە و بەکارهێنانی ئەو وشانەی کە لە ئاکاری دیپلۆماسی دوورن و کاریگەریی نەرێنییان دەبێت لەسەر پەیوەندیی نێوان وڵاتەکانمان."
لێپرسینەوە و دانپێدانانی کۆهلەر و پاریس لە تەلەڤیزیۆنەوە بڵاوکرانەوە. فەرەنسا دەڵێت دانپێدانانەکان "بە زۆرەملێ" وەرگیراون.
دوو هاووڵاتیی دیکەی فەرەنسی لەلایەن ئێرانەوە دەستگیر کراون. یەکێکیان کەسێکە بە ناوی ئۆلیڤەر، ئەوی دیکەشیان لویس ئارنۆد، کە راوێژکارێکی بانکییە و بە تۆمەتی دروستکردنی هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، سزای پێنج ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکراوە.
ئێران دەیان هاووڵاتیی دیکەی ئەورووپیشی دەستگیر کردووە، کە بەشێکیان دوو پاسپۆرتیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ