فەرماندەی پۆلیسی ئێران: پلانی باڵاپۆشی لە رۆژی شەممەوە دەستپێدەکات

14-04-2023
ناسر پیرۆتی
A+ A-
رووداو- هەولێر 

پۆلیسی ئێران دەڵێت، لە سبەی شەممەوە پلانی وەڵامنەدانەوەی پابەندنەبوونی ژنان بە باڵاپۆشییەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن.
 
ئەحمەدڕەزا رادان، فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران ئەمڕۆ هەینی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، پلانی بەرەنگاربوونەوەی پابەندنەبوونی ژنان بە باڵاپۆشییەوە کە لەو وڵاتە بە ناوی پاکداوێنی و باڵاپۆشی ناسراوە، لە سبەی شەممەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
بە پێی ئەو پلانە، دۆسیە بۆ ئەو ژنانەی لە شوێنی گشتی، سەر شەقامەکان، شوێنی بازرگانی یان نێو ئۆتۆمبێل پابەندی باڵاپۆشی نین، دەکرێتەوە و دەدرێنە دادگە. 
 
بڕیارە هێزەکانی پۆلیسی ئێران لە جۆرێکی تایبەتی کامێرای چاودێری کەڵک وەربگرن، بە تایبەت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ژنانەی لە نێو ئۆتۆمبێلدا پابەندی باڵاپۆشی نین و لە رێگەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانیانەوە بناسرێنەوە و بدرێنە دادگە.
 
بە پێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە نێوشارەکانی ئێران تۆمار دەکرێن، دوای ناڕەزاییەکان بە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، پابەندنەبوونی ژنان لەو وڵاتە بە باڵاپۆشی زیاتر بووە.
 
لە چەند مانگی رابردوودا، پۆلیس لە رێگەی کورتەنامەوە لەبارەی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی هۆشداریداوە بە ژمارەیەک ژن.
 
ئەمڕۆ فەرماندەی پۆلیسی ئێران رایگەیاند، کامێراکانی چاودێریی پۆلیس بۆ دیاریکردنی پابەندنەبوونی ژنان بە باڵاپۆشی هەڵە ناکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە