ئێران لەبارەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان: چاوەڕێی بەڵێنی عێراق دەکەین

10-10-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، لەبارەی هێرشەکانیان بۆ سەر بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو خاکی باشووری کوردستان لەگەڵ عێراق کۆبوونەتەوە. دەشڵێت: "لەلایەن عێراقەوە بەڵێنمان پێدراوە و چاوەڕوانی ئەو ئەرکەین دەکەوێتە ئەستۆیان." 
 
رۆژی دووشەممە 10-10-2022، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای وڵاتەکەی بۆسەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە و گوتی: "هێرشێک کە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامیدا دوای هەنگاوە فەرمی و روونەکان بوو کە بەر لە هێرشەکە ئەنجامدرابوون." 
 
ناسر کەنعانی ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشەکانیان بۆسەر بارەگای گرووپە "دژبەرە چەکدار و جوداخوازەکان" لە هەرێمی کوردستان دوای ئەوەبووە کە "هەموو رێکارە فەرمییەکانمان ئەنجامداوە" و بەرپرسانی حکومەتی عێراقیان ئاگادارکردووەتەوە کە گوایە "بەشێک" لە خاکی هەرێمی کوردستان سوودی لێوەردەگیرێت بۆ "کردەی چەکداری و ئەمنی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران." 
 
کەنعانی گوتیشی: "چەندین جار یاداشتنامەی فەرمیمان پێدان [بە بەرپرسانی حکومەتی عێراق] لەگەڵ بەڵگەنامەی پێویست؛ ئەم کارەمان لەگەڵ بەرپرسانی خۆجێیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەنجامدا. دواجار و بە لەبەرچاوگرتنی ئەنجامدانی رێکاری پێشگیرانە، کۆماری ئیسلامی راستەوخۆ هەنگاوی نا بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ئاسایشی نیشتمانیی خۆی بکات؛ هەروەها بۆئەوەی ئاسایشی هاووڵاتییان و سەقامگیری سنوورەکانی دەستەبەر بکات." 
 
کاژێر 16:00ـی رۆژی شەممە، 24ـی سێپتەمبەری 2022، هێزی زەوینیی سوپای پاسداران دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی دژی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیاند و داوای لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد لە بنکە و بارەگای ئەو حیزبانە دوور بکەنەوە.
 
دوای چوار رۆژ و لە 28ـی هەمان مانگ، سوپای پاسداران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر قەڵای دیموکرات و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئەنجامدا 17 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 کەسیش برینداربوون.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بانگەشەی ئەوەیکرد کە هێرشەکەیان بۆسەر هەرێمی کوردستان "بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە." گوتیشی، لەسەر داوای عێراق هەفتەی رابردوو کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی هەردوو وڵاتدا بەڕێوەچووە و تێیدا ئێران هەڵوێستی خۆی خستووەتەڕوو. 
 
باسی لەوەش کرد: "پێویستە حکومەتی عێراق سەروەری خۆی بەسەر هەموو خاکەکەیدا پیادە بکات و رێگە بگرێت لەوەی کە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی بەکاربهێندرێت بۆ هێرشکردنە سەر خاکی کۆماری ئیسلامی و هاووڵاتییان و پاسەوانانی سنوورییمان." 
 
کەنعانی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق جەختیان کردووەتەوە کە "دەبێت رێگە بگیرێت لەوەی بەشێک لە خاکی هەرێمی کوردستان و خاکی عێراق ببێتە ناوەندی هەڕەشەی چەکدارانەی گرووپە دژبەرە چەکدار و جوداخوازەکان." 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەبێ ئەوەی باسی ناوەڕۆکی بەڵێنەکە بکات، گوتی: "عێراق بەڵێنی پێویستی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران داوە." 
 
لە کۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بە هێرشەکانیان، کەنعانی گوتی، چاوەڕێی رێکارەکانی حکومەتی عێراق دەکەن کە "ئەرکەکانی جێبەجێبکات." 
 
رۆژی یەکشەممە 09-10-2022، میدیای نزیک لە سوپای پاسداران رۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە، لە ئەمڕۆوە هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆسەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو باشووری کوردستان راگیراوە و دەستپێنەکردنەوەی پەیوەندی بە مامەڵەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. 
 
میدیای نزیک لە سوپای پاسداران لە زاری سەرچاوەیەکەوە دەڵێت، ئەگەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان رێگە لە چالاکیی "حیزبە جیاخوازەکان"ی دژی ئێران بگرن، ئاگربەستەکە بەردەوام دەبێت، ئەگەرنا جارێکی دیکە سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆن دژی ئەو گرووپە "دژبەران"ـە دەستپێدەکاتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە