عێراق و ئێران لەبارەى دۆسیەى کوژرانى قاسم سولەیمانی کۆدەبنەوە

09-01-2023
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکى دادوەریى عێراق لەگەڵ شاندێکى دادوەریى ئێران لە تاران کۆبوونەوە بۆ ئاڵوگۆڕى زانیاری لەبارەى دۆسیەى کوژرانى قاسم سولەیمانى و ئەبو مەهدى موهەندیس. شاندە عێراقییەکە رایگەیاندووە، رێوشوێن دژى هەر کەسێک دەگرنەبەر کە بەشداریکردنى لەو رووداوە بسەلمێت.
 
9ى کانوونى دووەمى 2023 ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، شاندێکى دادوەرییان لە تاران لەگەڵ شاندێکى دادوەریى ئێران کۆبوونەتەوە.
 
کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەى کارى لیژنەى دادوەریى هاوبەشی نێوانیاندا بووە بۆ ئاڵوگۆڕى زانیاری و دوایین ئەو لێکۆڵینەوانە کە ئەنجامدراون لەبارەى "رووداوى فڕۆکەخانە" کە لە 3ى کانوونى دووەمى 2020 لە بۆردوومانێکی ئەمریکادا لەنزیک فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی بەغدا، هەریەک لە ئەبومەهدى موهەندیس، جێگرى پێشووى سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبیی عێراق و قاسم سولەیمانى، فەرماندەى فەیلەقى قودسی سەر بە سوپاى پاسداران کوژران.
 
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى ئاماژەى بەوە داوە کە شاندەکەیان بە پشتبەستن بە بەڵگە، مامەڵە لەگەڵ تاوانەکاندا دەکەن کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە پێشکێشیان دەکرێت و رێوشوێنى یاسایی دژى هەر کەسێک دەگرنەبەر کە بیسەلمێنێت بەشداربووە لەو رووداوەدا.
 
هاوئاهەنگیى جووڵانەوەى جەماوەرى، کە سەر بە هێزە شیعەکانى نزیک لە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگییە، لە 27ى تشرینى دووەمى 2022 لەبەردەم دادگەى پێداچوونەوەى کەرخ لە ناوچەى عەدل لە بەغدا گردبوونەوە و تێیدا سکاڵایان تۆمار کرد لەسەر هەریەک لە مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى پێشووى عێراق؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى پێشووى ئەمریکا و مایک پۆمپەیۆ، وەزیرى پێشووى دەرەوەی ئەمریکا بە تۆمەتى پێشێلکردنى سەروەریى خاکى عێراق.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە