رووداو دیجیتاڵ
گەڕان بەنێو زبڵدانەکان، رەنگە یەکێک لە دوایین رێگەچارەکان بێت بۆ زیندوومانەوەی هەندێک کەس لە کرماشان. بەگوتەی سەرۆکی شارەوانیی کرماشان، لەو شارەدا نزیکەی سێ هەزار کەس بەنێو زبڵەکاندا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بژێویی ژیانیان دابینبکەن. بەڵام رەنگە ئەو سەرچاوەیەشیان نەمێنێت.
لە شەش ساڵی رابردوودا ژمارەی ئەوانەی بۆ دابینکردنی بژێوی، پەنایان بۆ زبڵدانەکان بردووە، سێ هێندە زیاتر بووە. هایدە شیرزادی، بەڕێوەبەری ریسایکلینی کرماشان دەڵێت، ساڵی 2017 ژمارەی ئەو کەسانە هەزار کەس بووە.
کرماشان لەڕووی ئابوورییەوە، لە دۆخێکی باشدا نییە، ساڵانێکە ئەو پارێزگایە پلەی یەکەمی بێکارترین پارێزگای لە ئاستی ئێراندا هەیە، پارێزگارەکانی پێشوو، ئامانجی گەورەیان رەخساندنی هەلی کار بووە، بەڵام سەرکەوتنێکی ئەوتۆیان تێدا بەدەستنەهێناوە.
محەممەد تەییب سەحرایی، پارێزگاری ئێستای کرماشان، دوو هەفتە لەمەوبەر گوتی: لەو پارێزگایەدا رێژەی بێکاری و هەڵاوسان زۆرە و بۆ ئەوەی ئەم کێشانە چارەسەر بن، پێویستە هەڵاوسان کۆنترۆڵ بکرێت و بەرهەمهێنان گەشەی پێبدرێت.
بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان، رێژەی بێدەرەتانی لە پارێزگای کرماشان لە ساڵی 2021ـدا 57.6٪ بووە، کە لە پارێزگاکانی ئێراندا یەکێک لە رێژە بەرزەکانە، بێدەرەتانی لە تێکەڵکردنی رێژەی هەڵاوسان و بێکاری پێکدێت، کە ئەو کات رێژەی بێکاری لە پارێزگای کرماشاندا 17.9٪ و هەڵاوسان 40.2% بووە.
نادر نەورۆزی، سەرۆکی شارەوانی کرماشان، دەڵێ: هەندێ زبڵی وەک شووشە و پلاستیک زبڵی بەهادارن و بە ئاسانی ریسایکل دەکرێن، بەڵام رۆژانە زیاتر لە 100 تاوەکو 150 تۆن لەو زبڵە بەهادارانە لە زبڵخانەکان دەدزرێن و بە کارگەکانی کڕیاری زبڵ دەفرۆشرێنەوە کە زیاتر لە 400 کارگەن.
هایدە شیرزادی، بەڕێوەبەری ریسایکلینی کرماشان دەڵێ "هەر خێزانێکی سێ، چوار کەسی نزیکەی هەزار کیلۆ زبڵ بەرهەم دەهێنێت؛ کرماشان 40 هەزار تۆن زبڵی وەک پلاستیکی هەیە، بە ریسایکلینی ئەمانە 20 ملیۆن مەتری سێجا گاز بەرهەم دێت، ئەمە گازی 15 هەزار ماڵ دابیندەکات".
شارەوانی کرماشان ئێستا دەیەوێت بە رێکارێکی نوێ بەفیڕۆچوونی زبڵە بەهادارەکان کەم بکاتەوە. بەپێی ئەو پرۆژەیە، خەڵک لە کاتێکی دیاریکراودا زبڵەکانیان لە بەردەرگای ماڵ دادەنێن و بەمەش 80٪ـی زبڵدانەکان لەنێو شاردا کۆدەکرێنەوە.
بەم رێکارە، بەشێکی زۆری زبڵگەڕەکان سەرچاوەی داهاتیان لەدەستدەدەن. شارەوانی هیوادارە لەم رێگەیەوە دیاردەی زبڵگەڕی نەمێنێت، بەڵام ئەو شتەی دەمێنێت، هەژاری و دەستکورتی زیاتری ئەم توێژەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ