مامۆستایەکی ئایینیی ئێران: بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و منداڵ خستنەوە، خەڵک بەقسەمان ناکەن

07-11-2021
رووداو @Rudawkurdish
ناسر رەفیعی، مامۆستای ئایینیی ئێران
ناسر رەفیعی، مامۆستای ئایینیی ئێران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 10 ساڵە قسە لەسەر گەنجڕاگرتنی کۆمەڵگەی ئێران دەکرێت، بابەتێک کە سەرەتا وەکو پلان باس دەکرا، دوو ساڵ لەمەوبەریش وەکو پرۆژەیاسایەک لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە کاری لەسەر کرا و هەفتەی رابردوو پەسند کرا و رادەستی حکومەتی ئەو وڵاتە کرا بۆ جێبەجێکردنی. ئێستا ئەم پلانە بووەتە یاسا و حکومەتی ئێران سەرەڕای  قەیرانی ئابووری، باس لەوە دەکات، هەموو جۆرە بودجەیەکی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە ئامادە کردووە.
 
پێدانی قەرزی بانکی 140 بۆ 200 ملیۆن تمەنی بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بە گەنجان، بیمەی حکومی بۆ چارەسەری نەزۆکی، پێدانی سەبەتەی خۆراک و دەرمان بە خۆڕایی بەو دایکانەی شیر دەدەن، یەک ساڵ دابەزاندنی تەمەنی خانەنشینیی دایکان بەپێی هەر منداڵێک، پێدانی قەرزی بانکیی 10 ملیۆن تمەنی بۆ خستنەوەی هەر منداڵێک، زیادکردنی 5.7 هێندەیی مووچەی خێزانداری بە ماوەی 5 ساڵ و زیادکردنی 3 هێندەیی هاوکاری حکومی لە 4 چینی کەمداهاتی کۆمەڵگەدا، پیدانی زەوی بە نرخی حکومی بۆ دروستکردنی خانوو، پێدانی قەرزی بانکیی 150 ملیۆن تمەنی بۆ کرێ یان کڕینی خانوو بەو خێزانانەی سێ منداڵیان هەیە و چەندین بابەتی دیکە، لە خاڵەکانی هاوکاریی حکومەت دەبن بۆ گەنجڕاگرتنی ژمارەی دانیشتووانی ئێران.
 
یەکێک لە خاڵەکانی ئەو یاسایە باس لە قەدەخەکردنی نەزۆککردنی ژنان و پیاوان دەکات و چەندین سنوورداریی داناوە بۆ پرۆژەی هێڵەککردنی ژنان کە جۆرێک سینۆگرافییە و پێش بەدنیاهێنانی منداڵانی کەمئەندام دەتوانن لەباریان ببەن، کە ئەویش چاودێری و رێگەپێدانی پزیشکییە بۆ ئەو مژارە. بەپێی یاساکە، هەر کەسێک پابەند نەبێت سزا دەدرێت.
 
ئەحمەد راستینە، ئەندامی کۆمیسیۆنی کولتووریی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، "لە ماددەکانی ئەم یاسایەی پشتیوانی لە خێزان و گەنجڕاگرتنی ژمارەی دانیشتوواندا، سزای زۆر قورسمان لەبەرچاو گرتووە کە لە ماددەی 71دا باس لەوە دەکرێت ئەوانەی ئەو یاسایە جێبەجێ نەکەن، سزای زیندان و باجیان بەسەردا دەسەپێندرێت و سەرەڕای ئەوە، دەبێت قەرەبووی زیانەکانیش بکاتەوە".
 
ئەم یاسایە بۆ رێگەگرتن لە پیربوونی کۆمەڵگەی ئێرانە کە چەند ساڵە لەلایەن بەرپرسانی حکومییەوە هۆشداری لەبارەیەوە دەدرێت. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەت، باس لەوە دەکرێت تاوەکو 25 ساڵی داهاتوو زیاتر لە 30%ی ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵ دەبێت و ئەوەش بەهۆی دوورکەوتنەوەی زیاتر لە 13 ملیۆن گەنجی ئێرانی لە پێکهێنانی ژیانی هاوژینییە.
 
ناسر رەفیعی، مامۆستای ئایینی ئاماژە بەوە دەکات، "هەموو مێشکمان لەلای کۆرۆنا و وشکەساڵییە و ئاگامان لێی نییە کۆمەڵگەکەمان خەریکە پیر دەبێت و لە 30 ساڵی داهاتوودا تووشی چ گرفتێک دەبێت. ماوەیەک لەمەوپێش رێبەری کۆماری ئیسلامی داوای لێکردم لەسەر مینبەرەکانەوە داوا لە خەڵک بکەین بۆ بەدنیاهێنانی منداڵ. گوتم، دەرەقەتیان نایەین. بەڕاستی نە بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و نە بۆ بەدنیاهێنانی منداڵیش بە قسەمان دەکەن".
 
پرۆژەیاسای گەنجڕاگرتنی دانیشتووانی ئێران لە بارودۆخێکدا بووەتە یاسا، کە رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە گەیشتووەتە سەرووی 56% و رۆژبەڕۆژ دۆخی ئابووریی خەڵک خراپتر دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە