رووداو - هەولێر
ئەمڕۆ حکومەتی ئێران بە بەرزکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ %5 قۆناخی چوارەمی کەمکردنەوەی پابەندییەکانی بە رێککەوتننامەی ئەتۆمی جێبەجێدەکات.
عەلی ئەکبەر ساڵحی، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند "ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم دەگەیێنینە 5%، بەڵام دەتوانین تاوەکو ئاستی لە 20% بەرزیبکەینەوە".
زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لەرێگەی بە زیادکردنی غازە لە هەزار و 44 ئامێری جیاکەرەوەی یۆرانیۆم.
هەنگاوەکەی ئێران، رۆژئاواییەکانی نیگەران کردووە، دۆمینیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، رەفتارەکانی ئەمدواییەی ئێران بەڕوونی دژ بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەن و هەڕەشەش بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیمان پێکدەهێنن.
دانیشتووانی تاران دەڵێن ئەو هەنگاوە کاریگەری لەسەر ئابووری ئێران دەبێت، محەممەد دانیشتوویەکی تارانە و دەڵێت، "کاریگەری خۆی دەبێت، چونکە هەر کاتێك بەریەککەوتن زیاتر ببێت بێگومان کاریگەرییەکان زۆرتر دەبن، ئێستا هەرچۆنێک بێت بازاڕ لە ئاستێکدا جێگیربووە، من ناڵێم زۆر باشە، بەڵام بەگشتی بازاڕ لەئاستێکدا جێگیربووە و ئەمجۆرە بەریەککەوتانە دەبنەهۆی ئەوەی گرانی جارێكی دیکە روومانتێبکات".
عەلی محەمەدی، دانیشتوویەکی دیکەی تارانە دەڵێت، "تاوەکو ئەو کاتەی ئێمە لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی وەک ئەمریکا، ئەوروپا و هەروەها وڵاتانی دیکەی جیهان، تەنانەت سعودییەش کە وڵاتێكی دەوڵەمەندە و لەڕووی پارەوە بەهێزە، تاوەکو ئەو کاتەی کە ئێمە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ئاشتی نەکەین و پەیوەندی باشمان نەبێت، ئەوا رێککەوتنی ئەتۆمی هیچ واتا و بەهایەکی نییە و بەڕێز رووحانیش سەدان رێککەوتنی دیکەش ئەنجامبدات هیچ سوودێكی نابێت".
نەتەوەیەکگرتووەکان داوا لە ئێران و لایەنەکانی دیکە دەکات، پابەندی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە بن.
یەکێتی ئەوروپاش جەخت لە رێزگرتن لە رێککەوتنەکە دەکاتەوە و دەشڵێت، پێویستە هەمووان لەهەموو جۆرە کردەوە و رەفتارێک دووربکەوینەوە کە دەبێتەهۆی لەناوبردنی رێککەوتنەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ