رووداو دیجیتاڵ
ئێران رەزامەندیدا ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی پشکنین بۆ چالاکییە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکە بکات. ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگی شوباتی ئەمساڵ ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایکرد کە گەردیلەی یۆرانیۆمیان لەژێرزەمینەکانی ویستگەی ئەتۆمی فەردۆو دۆزیوەتەوە کە پاڵاوتنی گەیێندراوەتە 84٪.
رۆژی شەمەممە 4ی ئاداری 2023، ئێران و ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی رێککەوتن لە هاوئاهەنگیکردن بۆ پشکنینی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بەردەوامبن، ئەم رێککەوتنە تەنیا دوو رۆژ دوای سەردانەکەی رافایەل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسەکە دێت بۆ تاران.
ئێران و ئاژانسەکە لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا بەڵێنیان دووپاتکردەوە "بە رووحی هاوئاهەنگی و بەوپەڕی پابەندی یاسا و رێساکان لەلایەن ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی و هەروەها ماف و پابەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران" لە کارکردن بەردەوامبن.
رافایەل گرۆسی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی گوتی، گفتوگۆ لەگەڵ ئێران لەسەر دوو پرسی گرنگ بەردەوامن، کە سێکتەری زانستی لەخۆدەگرن و "چاوەڕوانی گەورەش" لەو پرۆسەیە دەکرێت.
گرۆسی گوتی، رۆژی هەینی لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئێران کۆبووەوە بۆ ئەوەی هانی ئێران بدات هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسەکەیان بکات سەبارەت بە ئاسەواری ئەو یۆرانیۆمەی لە ناوچەی راگەیێندراو دۆزرانەوە کە بەشی چەکی ئەتۆمی دەکەن.
سەرۆکی ئاژانسەکە ئەوەشی ئاشکراکرد کە ئێران کامێراکانی چاودێری وێستگە ئەتۆمییەکانی چالاک دەکاتەوە.
سەردانەکەی گرۆسی بۆ ئێران لەکاتێکدایە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو 'بۆردی حوکمڕانەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی' کۆببنەوە و خوێندنەوە بۆ ئەو راپۆرتە بکەن کە پیشانی دەدات ئێران تا چەند هاوکارە لەگەڵ ئاژانسەکە.
راگەیێندراوەکە ئەوەشی تێدا هاتووە کە ئێران "خۆبەخشانە رێگە بە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی دەدات بۆ ئەوەی رێوشوێنی زیاتری پشتڕاستکردنەوە و چاودێریکردنی چالاکییەکان بکات."
بڕیارە شێوازەکانی کارکردنیش لەنێوان هەردوولادا لە کۆبوونەوەیەکی تەکنیکی کە بڕیارە 'بەزوویی لە تاران بەڕێوەبچێت'، رێککەوتنی لەسەر بکرێت.
ئێران لە 2019دا دەستیکرد بە زیادکردنی بڕی یۆرانیۆمی پیتێندراو کە لە رێککەوتنی ئەتۆمی 2015 سنووری بۆ داندرابوو، ئەمەش ساڵێک دوای ئەوەی ئەمریکا تاکلایەنە لە رێککەوتنەکە کشایەوە بەو پاساوەی کە تاران پابەندییەکانی پێشێلکردووە و لە دەستوەردانیش لە کاروباری نێوخۆی وڵاتانی ناوچەکە بەردەوامە.
لە سەرەتاکانی 2021 و دوای هاتنی بۆ دەسەڵات، جۆ بایدن خواستی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئێران پیشاندا. سەرەڕای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، ئێران بەردەوامبوو لە بەرزکردنەوەی بڕی یۆرانیۆمی پیتێندراو بۆ 20٪، دواتر بۆ 60٪ و ئێستا میدیای رۆژئاوا دەڵێن، گەیاندوویەتییە سەرووی 60٪ و بەشی ئەوە دەکات چەکی ئەتۆمی پێ دروستبکات.
دوای 18 مانگ کۆبوونەوەکانی ڤیەننا، لە ئەیلوولی 2022 دانوستاندنەکان لەنێوان تاران و واشنتن چەقیان بەست، گوشارەکانی ئەمریکا دەستیانپێکردەوە، بەتایبەتی لەبەرامبەر پاساوی پڕچەککردنی رووسیا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و هەروەها لەبەرامبەر سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران کە لەدوای گیانلەدەستانی ژینا ئەمینی سەریانهەڵدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ