رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی عەلی خامنەیی دەڵێت، ئەگەر رەفتاری بەرپرسانی سووریا بیرمەندانە بێت، کێشەیان لەگەڵ ئەوان نییە. گوتیشی، "دەبوایە حکومەتی پێشووی سووریا پەیوەندیی لەگەڵ کورد کردبا."
رۆژی پێنجشەممە 02-01-2025 عەلی لاریجانی، راوێژکاری عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، "حەوت بۆ هەشت ساڵ لەمەوبەر باس لەوە کرابوو حکومەتی سووریا لەگەڵ ئەو دۆستە کوردانەی کە لە سووریان؛ باشتر و وردتر بێت و تووند نەبێت، دوو سێ جار بە دەسەڵاتدارانی سووریام گوتووە کە ئێوە مۆڵەت بدەن بە نەتەوەکان."
لاریجانی گوتیشی، "حکومەتی پێشوو بیرکردنەوەی جیاوازیان هەبوو، ئێمە نەماندەتوانی دەستوەردان بکەین."
لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لاریجانی ئاماژەی بەوە کرد، "پەیوەندیمان لەگەڵ بەرپرسانی سووریا پەیوەندیی بە رەفتاری ئەوان هەیە، ئەگەر رەفتاری بەرپرسانی سووریا بیرمەندانە بێت، ئێمەش کێشەمان لەگەڵ ئەوان نییە."
راوێژکارەکەی خامنەیی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر بەرپرسانی سووریا بڵێن بەرگری لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەین، مافی هەمووان دەدەین پێکهاتەیەکی دیموکراتیک دروست بکەن، ئێمەش پشتیوانییان دەکەین."
رۆژی 08-12-2024 گرووپە چەکدارەکانی سووریا بە سەرکردایەتیی دەستەی تەحریری شام دیمەشقی پایتەختی سووریایان کۆنترۆڵ کرد و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد هێنا، بەو جۆرەش ئێران هاوپەیمانێکی گرنگی لە ناوچەکەدا لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ