رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆککۆماریی ئیران رایگەیاند، حکومەت هەوڵ دەدات گۆڕانکاری لە یاسای باڵاپۆشی و پاکداوێنی دا بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاو دەنێت بەرەو هەموارکردنی یاساکە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ی کانوونی یەکەمی2024، سەید مەهدی تەباتەبایی، جێگری بەرپرسی راگەیاندنی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران دوای ناڕەزایەتی و کاردانەوەی خەڵک بەرامبەر یاسای باڵاپۆشی و پاکداوێنی رایگەیاند، حکومەتی مەسعود پزیشکیان لەپێناو هەموارکردنی یاساکە هەوڵەکانی دەخاتە گەڕ.
تەباتەبایی گوتی، "بۆ چاکسازیکردن لە یاسا خراپەکان؛ رێگەی لۆژیکی پێشبینی کراوە. حوکمڕانی دروست رێگری دەکات لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە دژی بەرژەوەندی گشتیی وڵاتن و دەبنە هۆی گرژی و دووبەرەکی لە کۆمەڵگەدا".
گوتیشی، "پێویستە کەمێک زیاتر ئاراممان هەبێت. سەرکەوتن ئەنجامی ئارامی و خۆڕاگرییە."
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە، رۆژی 14ی کانوونی یەکەمی2024، یاسای باڵاپۆشی و پاکداوێنی بۆ سەرۆککۆمار دەنێردرێت بۆ ئەوەی لە لایەن مەسعود پزیشکیانەوە بە فەرمی رابگەیێنرێت و فەرمانی جێبەجێکردنی بۆ دەربکرێت.
پرۆژەیاسای باڵاپۆشی دوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022 لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانەوە ئامادە کرا، دواتر حکومەتی ئەو کاتی ئێران چەند بڕگەیەکی بۆ پرۆژەیاساکە زیاد کرد و ناردیەوە پەرلەمان، لە پەرلەمانیش چەندین مادە و بڕگەی دیکەی بۆ زیاد کرا و لە ئەیلوولی 2023 پەسند کرا.
پرۆژەیاساکە دواتر لە 19ـی تشرینی یەکەم لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە پەسند کرا.
بڕیارە یاساکە بۆ ماوەی سێ ساڵ وەک تاقیکردنەوە جێبەجێ بکرێت.
بەپێی یاساکە، ئەوانەی پابەندی باڵاپۆشی نەبن، سزای زیندانیکردن، پێبژاردن، قەدەخەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات، قەدەخەی هەبوونی هەژمار بەناوی خۆیانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رێگەگرتنیان لە کارکردن و بێبەشکردن لە مافە کۆمەڵایەتییەکانیان بەسەردا دەسەپێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ